Muhammet Ali Kemal
16 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2017
ئەنقەرە- AA
سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی رایگەیاند ''سیاسەت لە تورکیا بەرەو پێکهاتەیەکی نوێی پەیوەست بە داهاتوو هەنگاو دەنێت''.
دەوڵەت باخچەلی بە مەبەستی دەنگدان، کاتژمێر 12:23 گەیشتە خوێندنگەی ئانتتەپە. دوای ئەوەی لەگەڵ لێپرسراو و کارمەندانی بنکەکەدا تەوقەی کرد، پاش پشکنینی ناسنامە و کارتی دەنگدان، باخچەلی دەنگی دا و کارتی دەنگدانەکەی خستە ناو سندووقی ژمارە 1285ەوە.
دوای دەنگدان، سەرۆکی گشتیی مەهەپە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەکرد ئەرکی هاووڵاتییبوونی بە جێهێناوە و بەوەش زۆر دڵخۆشە و، راشیگەیاند ''ئەمە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگە لە ژیانی گەلەکەماندا. سیاسەت لە تورکیا بەرەو پێکهاتەیەکی نوێی پەیوەست بە داهاتوو هەنگاو دەنێت. لەبەر ئەوە پێویستە رێژەی بەشدارییکردن بەرز بێت و هەرکەسە و دەنگی خۆی بدات، ئەوەش دەبێتە پێویستییەکی کولتووری دیموکراسیی گەلەکەمان''.
- رێوشوێنە ئەمنییەکان
لە خوێندنگەی ئانتتەپە کە هێزەکانی پۆلیس و پۆلیسە تایبەتەکانیشی لێبوون، رێوشوێنی ئەمنی توند گیرابوویە بەر و ناوچەکە لە رێگەی سەگی پۆلیسییەوە پشکنرا.
ئەوەش زانرا کە لە رێگەی ئەو کامێرایانەوە کە کرابوو بە یەخەی ژمارەیەک لە پۆلیسەکانەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش بە شێوەیەکی راستەوخۆ چاودێریی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەی دەکرد.