بینگۆل
ھاوسەرۆکی گشتی پارتی ھەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش، لە میانی سەردانیکردنی بۆ پارێزگای بینگۆل و بەشداریکردنی لە "کۆبوونەوەی دیداری گەل" پەیامی لە بارەی پڕۆسەی ئاشتی و ھەڵبژاردنی تورکیا دا.
دەمیرتاش جەختیکردوە کە ھەدەپە دوای ماوەیەکی زۆر بۆ یەکەمجار بڕیاری بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەرلەمانی تورکیا داوە و گوتی: "بەداخەوە لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوودا بە تەواوەتی دەنگی گەل بۆ ئێمە نەدەھات، چونکە وەک بێلایەن بەشداری ھەڵبژاردنەکانمان دەکرد و زۆرینەی دەنگەکانیش بە فیرۆ دەچوو،، چانسی ئەوەمان نەبوو لە سەرجەم شوێنەکان کاندیدی بێلایەن دیاریبکەین".
دەمیرتاش ھەورەھا گوتی: "ھەدەپە گوێ لە ویژدانی گەل دەگرێت، ھەروەھا باوەڕ بە گەل دەکەین، کاتی ئەوە ھاتووە پارتەکەمان بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان بکات، ئەمەش تەنیا لە ناوچەیەکی تورکیا نا بەڵکو لە ٨١ پارێزگا دەنگ دەھێنین، بە شێوەیەکی ئاشکرا لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار ئەوەمان راگەیاند کە پشتیوانی گەل بە دەستدێنین، ئەرکی ھەرە گەورە لەم قۆناغەدا دەکەوێتە ئەستۆی دایکان و ژنان، گەورەترین بەرخۆدان لەم قۆناغەدا دایکان کردیان، بە بەخشینی رۆڵەکانیان بە خاک، ئەگەر دایکان لەم ھەڵبژاردنەدا دەنگی بەڵی بدەن ئەوا داھاتوومان کراوە دەبیت، ئەگەر ئەوان گەردن ئازایی خۆیان بە ئێمە بدەن ئەوکات بەردەممان روون دەبێت".
دەستووری نوێ
دەمیرتاش لە گوتەکانی ئاماژەی بە وەرگرتنی دەنگی گەل لە سەرجەم ناوچەکانی تورکیا کرد بۆ ئەمەش دەبێت کارێکی زۆر بکەن و لە سەرجەم ناوچەکانی تورکیا بەرنامەکانی خۆیان بخەنە روو.
دەمیرتاش گوتی: "ئاکەپە دەڵێت بە ٤٠٠ پەرلەمانتارەوە دەڕۆم دەستووری نوێ دەنووسمەوە، ئەو ھەڵوێستە زۆر مەترسیدارە، تۆ دەبێت ئەوە بڵێت کە ئەگەر ٤٠٠ پەرلەمانتار بە دەست نەھێنم ئەوا دیسانەوە دەستووری نوێ دەنووسمەوە، ئەگەر ئەوەی بگوتایە باش دەبوو، بەڵام ئەمانە ئەوە ناڵێن، تاکە رێگەی وەستاندنی ئەوانە سەرکەوتنی ھەدەپە یە لە ھەڵبژاردنەکان بە تێپەڕاندنی رێژەی یاسایی ھەڵبژاردنەکان".
پرسی چارەسەری
ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە دەمیرتاش باسی لە پرسی دیموکراسی و ئاشتی لە تورکیا کرد، ھەورەھا جەختیکردەوە کە لەگەڵ گەورەبوونی پارتەکەیان ئاشتی دەستەبەر دەبێت و گوتی: "لەم رۆژانەدا روونکردنەوە لەسەر دانوستانەکانی پرسی چارەسەری دەکرێت، حکوومەت داوا دەکات کە بە زووترین کات پەیام بۆ ئیمڕاڵی بنێرن، بەڵام پێویستە خۆی ھەنگاو بنێت، ئەرکی ئەستۆی جێبەجێ بکات".
دەمیرتاش ھەروەھا گوتی: "ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە دەیانەوێت بۆ جارێکی دیکە ھەوڵێک لە سوودی خۆیان بەمەبەستی کۆکردنەوەی دەنگ لە ھەڵبژاردنەکان بدەن، پاشگەزبوونەوە و دوورکەوتنەوە لەو ھەوڵە بۆ حکوومەت و خۆشیان و ھەموو لایەک سوودی دەبێت، پڕۆسەی ئاشتی پرسێک نیە بکرێتە قوربانی ھەڵبژاردنەکان، لە ھەموو ھەڵبژاردنێک ئاکپارتی لە پێناو کۆکردنەوەی دەنگ ئاشتی کردووەتە قوربانی، ئەگەر دەمانەوێت، زیندانیەکان و شاخەکان چۆڵبیت، ئەگەر دەتانەوێت ئاوارەکانی ئەورووپا بگەڕێنەوە ئەگەر دەتانەوێت ترسی جەنگ و ترسی کوژرانی رۆڵەکانتان نەبێت ئەوا رێگای چارەسەری ھەموو ئەوانە لە ھەدەپەوە دەڕوات، تەنیا ھەدەپە دەتوانێت رێگری لەوانە بکات و سەرکەوتن بەسەر ئاکپارتیدا بە دەست بێنێت".