ھەولێر
دوای سەرھەڵدانی كێشە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، پێش سەری ساڵی نوێ شاندێكی ھەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی گەیشتنە رێكەوتنێك كە لە ساڵی ٢٠١٥ لە رۆژێكدا ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت بە چاودێری كۆمپانیای سۆمو رەوانەی بەندەری جەیھانی توركیا بكرێ لە بەرانبەردا بەغدا بودجەی ھەرێم رەوانە بكات.
كەچی دوای نزیكەی دوو مانگ بە سەر ئەو رێكەوتنە بەڵام تا ئێستا لە لایەن بەغداوە بەشە بودجەی ھەرێم رەوانە نەكراوە و بڕیارە رۆژی یەكشەممە شاندێكی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا بكات.
لەوبارەوە، گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی لە بارەی ئەو رێككەوتنە بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "ئەو رێككەوتنە كراوە و تەنیا دیارە لە یەك تێنەگەیشتن دروست بووە، ئەو بڕە نەوتەی كە ھەرێم بریاری داوە رەوانەی بكا بە پێ پرانسیپە جیھانییەكانە ئەمە رێژەیی دەبێ و تا ئێستا حكوومەتی ھەرێم پابەندە بە ھەناردەكردنی ئەو بڕە. پێویستە حكوومەتی بەغدا بودجەی ھەرێم رەوانە بكات."
دزەیی گوتیشی: "ئەم رێككەوتنە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ھەرێمی كوردستان بووە، بووە بە ماددەیەكی یاسایی و پێویستیە ھەر دوو لا پابەندی بین كە جێبەجێ بكرێ".