Ramal Mahmood
06 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2017
وەزیری دادی تورکیا بەکر بۆزداغ، لەبارەی هێرشە تیرۆریستییەی ئیزمیرەوە، رایگەیاند: "تەواوی ئەو بەڵگەنامانەی لەبەردەستدان ئەوە دەردەخەن کە رێکخراوی تیرۆریستی جوداخوازی پەکەکە رێنمایی داوە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە".
بۆزداغ دوای بەشداریکردنی لە پرسەی هەردوو شەهید کارمەندی پۆلیس فەتحی سەکین و کارمەندی دادگا موسا جان سەردانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئیزمیری کرد. رایگەیاند کە لە ئاکامی هێرشە تیرۆریستییەکەی دوێنێدا کارمەندێکی پۆلیس و کارمەندێکی دادگا گیانیان لەدەست داوە و نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون.
بۆزداغ پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکار و هاوکارانی شەهیدان کرد، تیشکیشی خستە سەر ئەوەی لەمیانی بەرەنگاربوونەوەی قارەمانانەی هێزە ئەمنییەکان دوو تیرۆریست کوژران و دەست بەسەر تەرمەکانیاندا گیرا. گوتی: "تاکە وڵاتیک لە جیهان کە هاوکات بەرەنگاری نزیکەی ١٠ رێکخراوی تیرۆریستی وەک پەکەکە، فەتۆ، داعش، دەهەکەپە-جە دەبێتەوە تورکیایە. لێکۆڵینەوە بەشێوەیەکی فرەڕەهەند بەردەوامە. بەپێی زانیارییەکان کە لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتییەوە پێمان گەیشتووە ١٨ کەس دەستگیر کراون. ناسنامەی هێرشبەران دەرکەتووە، بەڵام بەمەبەستی بە سەلامەتی بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکان و سەلماندنی ئەو کەسانەی یارمەتیان داون ئێستا زانیاری نادەم لەسەر ناسنامەی هێرشبەران. لەکاتی خۆیدا ناسنامەی ئەوان بۆ رای گشتیی ئاشکرا دەکرێت. تەواوی ئەو بەڵگەنامانەی لەبەردەستدان ئەوە دەردەخەن کە رێکخراوی تیرۆریستی جوداخوازی پەکەکە رێنمایی داوە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە. هیچ گومانێکیش لەو بەڵگانەدا نییە".