Ramal Mahmood
12 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2016
نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵو، ناڕەزایی خۆیان دەربڕی لە دژی کردنە ئامانجی ناوچە ئارامەکان لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەوە.
سەرۆکی گرووپی دیالۆگی دیجلە-فوڕات، محێدین باتمانڵی ئاماژەی بەهێرشەکانی پەکەکە کرد و بە سووکایەتی پێ کردن و ستەمکاری لەقەڵەمی دا و گوتی: "ئەو هێرشانە هێرشی وەحشیگەرین کە بەهیچ زمانێک پێناسە ناکرێن. تا ئەو هێرشانە بەردەوام بن نە دۆزی کورد چارەسەر دەبێت نە شتێک دەمێنێت بەناوی مرۆڤایەتییەوە. ئێمە هەموو پێکەوە پێویستە دژی ئەوە بین. پێویستە ناڕەزایی دەرببڕین دژی هێرشە تیرۆریستییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیش چیدیکە بێدەنگ نەبن. لەکوێن رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، مافی مرۆڤ و کۆمەڵەکان؟ ئایا پێویست ناکات ئیدانەی ئەو هێرشانە بکەن؟ وەرن وەکو رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دژی ئەو مەرگەساتە بوەستینەوە. دەمانەوێت بێ ترس و بێ شەرمکردن وەک مرۆڤ بژین. وەرن رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، پارتەکان، کۆمەڵەکان پێکەوە هەموو دژی ئەوە بوەستینەوە. ئەگەر ئەندامانی هەدەپە و پەکەکەش بیروبۆچوونی خۆیان دەربڕن پەکەکە ئەوانیش دەکوژێت. هەرکەسێک لەدژی توندوتیژی بوەستێتەوە دەبێتە ئامانجی رێکخراوی تیرۆیستی".
سەرۆکی لقی ماردینی سەندیکای ئایینی، مەهمەت شیرین ئەرسان-یش ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکانی کرد، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئیدی ئاسوودەیی و ئارامیان دەوێت لەناوچەکەیان و ئەو هێرشانە چارەسەری کێشەکان ناکەن.
سەرۆکی هۆبەی بینگولی کۆمەڵەی پیشەوەرانی سەربەخۆ و خاوەنکاران، عەلی ئاکبانا ئەوەی خستە روو کە تیرۆر جیاکاری ناکات لەنێوان سیاسەتمەدار، سەرباز، پۆلیس و هاووڵاتی مەدەنی و گوتی: "لەوانەیە مرۆڤەکان تێڕوانینی سیاسیی، بیروبۆچوونیان هەبێت و پێویستە بەئازادی ئەوەی ناو دڵیان دەرببڕن. جیاوازییەکان و دەوڵەمەندییەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرن".
سەرۆکی لقی دیاربەکری کۆمەڵەی گەشەپێدان و ناساندن، عەبدولقادر ئارسڵانئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە هەست دەکەن پەکەکە لەناوچەکە بەرەو کۆتایی دەڕوات و، رایگەیاند چەکدارانی پەکەکەیان لەناو ئەو چاڵانەی لە سوور هەڵیان کەندبوون ناشتووە.