ئورفا
بەشێک لە دوکاندارانی شارۆچکەی سوێرەک لە باکووری شاری ئورفا، ئێستا تابلۆ و ریکلامەکانیان بە زمانی کوردی شێوەزاری زازاکی و کرمانجی دەنووسن و دەڵێن: خەڵکی ناوچەکە بە باشی پێشوازیی لەو کارەیان دەکەن.
شارۆچکەی سوێرەک لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای ئورفا- رەحایە، بەڵام زیاتر لە شاری دیاربەکرەوە نزیکە کە نێوانی ٨٥ کیلۆمەترە.
ساڵانێک ئەو دەڤەرە بوو بووە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێی سوپا و چەکدارانی پەکەکە و خەڵکەکەی ئازاری زۆریان چەشت. ئێستا لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی چارەسەری پرسی کورد، دانیشتووانەکەی هەوایەکی دوور لە شەڕ و کوشتار هەڵدەمژن.
ئەگەر پێشووتر لەسەر کوردبوون خەڵکی ئەو ناوچەیە توشی چەرمەسەری زۆر هاتبن لە لایەن دەوڵەتەوە، ئێستا دەتوانن کوردبوونی خۆیان لەسەر دوکانەکانیشیان بەیان بکەن و بە مافێکی رەوای خۆیانی بزانن، ئەمجارە لەسەر ناسنامە سزا نادرێن و هەڕەشەیان لێناکرێ.
حەسەن بایدیلی، جێگری سەرۆکی شارەوانی سوێرەک ئاماژەی بەو دیمەنە تازەیەدا کە لە ناوچەکەیان ئێستا هەیە و گوتی: "لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی چارەسەریی لە ناوچەکەدا، بەشێکی زۆری کاسبکار و خاوەن کارگەکان بە ھەر دوو زاراوەی کرمانجی و زازاکی زمانی کوردی، تابلۆیان ھەڵواسیوە. ئێمەیش بە گەرمی پێشوازیی لەو ھەڵمەتەی کاسبکار و خاوەن کارگەکان دەکەین. نەک هەر ئەوە بە ھەموو توانا و ھێزی خۆمان ھەوڵ بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و قۆناغی چارەسەریی دەدەین، بۆ ئەو مەبەستە کۆمیتەیەکی تایبەتمان دامەزراندووە و بەردەوام دەبین لە ھەوڵەکانمان."
ئۆرھان کارپوز یەکێ لە کاسبکارانی شارۆچکەی سوێرەک کە بە شێوەزاری زازاکی تابلۆی سەر دوکانەکەی نووسیوە گوتی: "ئێستا بەهۆی نەمانی شەڕ و کوشتار لە ناوچەکەمان، هەلومەرجێکی تازە باڵی بەسەر ناوچەکەماندا کێشاوە، بۆیە منیش لە سای ئەو ئارامیی و تەباییەدا، ناوی شوێنکارەکەی خۆم بە زازاکی نووسیوە، بەڕاستی خەڵک بە گەرمی پێشوازیی لەم کارەی من کردووە. ئێمەیش خوازیارین قۆناغی چارەسەری بەردەوام بێ چیتر شەڕ و ماڵوێرانی بەرۆکمان نەگرێتەوە."
ئەو کەسانەی کاری نووسینی تابلۆ و فلێکس دەکەن لە سوێرەک دەڵێن کاری برەوی پەیدا کردووە و خەڵکێکی زۆر بە زمانی کوردی تابلۆ دەنووسن.
یاڵچین گەنجکۆڵ یەکێکە لەو کەسانەی کە کاری نووسینی تابلۆ و فلێکس دەکا گوتی: "قۆناغی چارەسەریی، کاریگەری باشی لەسەر کار دەرامەتی ئێمە هەبووە، تەنیا لە ماوەی چەند حەفتەی دواییدا دەیان تابلۆمان بە کرمانجی و زازاکی نووسیوە بۆ دوکاندار و خاوەن کارگەکان. ئێستا مشتەرییەکانمان زۆربووە و هەندێجار ناچارین بە شەویشدا کار بکەین."