ئەنقەرە
ھاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتیکی گەلان (ھەدەپە) ئەرتوغروڵ کورکچو لە میانی دووەمین کۆنگرەی پارتەکەیدا گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا گوتی: "ھەدەپە زیاتر لە جەھەپە و مەھەپە پارتییەکی تورکیاییە. ھەدەپە دەرگایەکە کە بە رووی داھاتووی تورکیادا کراوەتەوە. ئهم قسانهمان تهنیا بۆ ئهوه نییه كه بە باشی باسی پارتەکەمان بکەین، بەڵکو بۆ ئەوەیه كه ههموو كهسێك ئهو ڕاستییه بزانێ. زۆر لەگەڵ کەشوھەوایەکی بێ توندوتیژیدا راھاتین، وا دەزانین کە لەم وڵاتەدا ھیچ خوێن نەڕژاوە و لە ماوەی ٣٠ ساڵدا ٤٠ ھەزار گەنجی ئەو وڵاتە بە خاک نەسپێردراون، بەڵام پێویستە بزانین و دووبارەی بکەینەوە کە ماوەی یەک ساڵ و نیوە منداڵە فەقیر و ھەژارەکان ناخرێنە نێو سندوقهكان و بۆ گوند و ماڵەکانیان ناگەڕێنرێنەوە."
كورچكو ههروهها گوتی: "كاتێك مەیدانەکان لە رۆژئاوای تورکیا بە ھاوار ھاواری ئەو لایەنگرە پڕبووه کە داوای تووڵە سەندنەوە و رژاندنی خوێن دەکەن، چینە لایەنگرەکان دەکەونە نێو ھێزە ھاندەرەکانی پارکی گەزی، یان ئەوانەی لە دوای کۆمەڵکۆژییەکەی سۆما، دیاربەکر، دەرسیم و کرێکارەکاندان و بە ھەزاران کورد بۆ کرێکارانی سۆما لە کۆڵانەکاندا کۆ دەبنەوە و لە باتمان خەڵک بۆ پاراستنی مافی خەڵکی ئێگە دەرژێتە سەر کۆڵانەکان، ئەوا پێویستە ھەموو کەسێك بزانێ کە ئەم جۆرە ھەڵوێستانە بە خۆڕایی دروست نهبوون، بەڵکو ئەمە ھەموو دەرئەنجامی ھەوڵ و کوششی ھەدەپەیە."
هاوسهرۆكی ههدهپه له بهردهوامی قسهكانیدا گوتی: "کار و چالاکییەکانی ھەدەپە تەنیا لە یەک چوارچێوەدا نەبوونە. ھەدەپە ھەوڵی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ ھەموو پرس و گرفتێکی تورکیا داوە، ئێمە ھیچ شکمان نییە کە ھەدەپە پارتییەکی تورکیاییە و زیاتر لە جەھەپە و مەھەپە و ئەو لایەنانەی کە باسی تورکیایی بوونی خۆیان دەکەن تورکیایین. ھەدەپە پارتییەکی سەرانسەری تورکیایە و ھەموو کەس دەزانێ کە ھەدەپە پارتییەکە کە لە سەرانسەری تورکیا چالاکە. ھەدەپە ھەوڵ بۆ خزمەتکردنی ھەر کەس و گەیشتن بە ماڵی ھەموو خهڵكی تورکیا دەدا، لە بەرامبەر کۆتایی ھاتنی کاریگەری جەھەپە و مەھەپە لە کوردستان، ھەدەپە لە ھەڵبژاردنەکانی ٣٠ی ئاداردا لە زۆربەی ھەرە زۆری شار و شارۆچکەکانی تورکیادا پاڵێوراوی ھەبووە و ھەدەپە لە سەرانسەری تورکیا دەنگی بە دەستەوە ھێناوە. ئەگەر ئەمڕۆ لە رووی کار و خەباتەوە باسی پارتەکان بکەین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێ کە ھەدەپە دووەمین پارتییە کە لە سەرانسەری تورکیادا چالاکە، بۆیە ھەدەپە داوای ئەوە دەکا کە ببێتە دەسەڵات."
کورکچو ئاماژەی بەوە کرد کە ھەدەپە لە چوارچێوەی داواکارییەکانی چینی ھەژار و چەوساوەدا ھەڵسوکەوت دەکا، لە سیواس و پارزاچیق عەلەوین، لە ھەتای عەرەبین، لە بەحری رەش تورکمەنین، لە ترابزۆن و گیرەسونیشدا لازین و لە کوردستانیشدا کوردین. خەڵک ھەدەپە و ھەدەپەیش خەڵکی گۆڕی، کوردی ئەمڕۆ ئەو کوردە نییە کە ئێوە بیری لێ دەکەنەوە کە بە ھۆی ئەوەیەوە دوو دوعا دەزانن یا وەکو دەوڵەت کارێک بۆ چارەسەر دەکەین دەنگتان پێ بدا، چی دیکە کورد لەو رێگایەوە بەڕێوە ناچێ چونکە کورد رووی لە تورکیا، کرێکارەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان کردووە، بەو کەسانە دەڵێم کە تەنیا تێکۆشانی نەتەوایەتی بۆ تورک و تێکۆشانی چینایەتی بۆ کورد بە لایق دەبینن، کورد تاقە فاکتەری بەھێزی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و وەکو شۆڕشگێڕ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێ.