Ömer Yasin Ergin,Ahmet Kaplan
22 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2020
دیاربەکر - AA
دوو خانەوادەی دیکە پەیوەندییان بە ئێشکگری دایکانی دیاربەکرەوە کرد کە لەبەردەم بینای سەرۆکایەتی لقی هەدەپە بەردەوامن لەسەر ئێشکگری رۆڵە لە پێناو گەیشتن بە منداڵەکانیان کە لەلایەن پەکەکەوە رفێندراون بۆ شاخ.
دایکانی دیاربەکر کە هەدەپە بە بەرپرسیار دەزانن لە رفاندنی منداڵەکانیان بۆ شاخ، لە سێی ئەیلوولی ٢٠١٩ەوە دەستیان کردووە بە چالاکی دانیشتن و ئەمڕۆ لە ٤٤٦هەمین رۆژی چالاکییەکەیاندان.
مەهمەت ئیغنە و هاوسەرەکەی هوپریە ئیغنە کە لە بینگۆلەوە سەردانی دیاربەکریان کردووە، باس لەوە دەکەن کە لە پێناو کوڕەکەیاندا، نوروڵلا کە حەوت ساڵ لەمەوبەر لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا رفێندراوە بۆ شاخ، هاتوونەتە شارەکە.
هەروەها سوڵتان ئۆز لە پێناو کوڕەکەیدا، حەسەن کە چوار ساڵ پێش ئێستا لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا رفێندراوە بۆ شاخ سەردانی دیاربەکری کردووە و بەشداری لە ئێشکگری رۆڵەدا کردووە.
لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، هوپریە ئیغنە باسی لەوە کرد کە حەوت ساڵە هەواڵیان لە کوڕەکەیان نییە.
هوپریە ئیغنە باسی لەوە کرد کە دوای بینینی چالاکی دایکانی دیاربەکر لە تەلەڤیزیۆندا بڕیاری بەشداریکردن لە چالاکییەکەیان داوە و گوتی: ''زۆر بەدوای رۆڵەکەماندا گەڕاین. زۆر نیگەرانبووین. زۆر ئازارمان چەشت. ئیدی خۆمان بۆ رانەگیراو هاتین بۆ ئێرە. بە ئومێدی خوا هاتین. گوتمان رەنگە کوڕەکەمان بگەڕێتەوە. کورم ئیدی ئۆقرەمان نەماوە. ماوەیەکی زۆر تێپەڕی. کوڕەکەمانیان فریودا و بردیان''.
سوڵتان ئۆز، بە زمانی کوردی دوا و ئاماژەی بەوە کرد کە لە پێناو کوڕەکەیدا حەسەن بەشداری لە چالاکی دایکانی دیاربەکردا کردووە و گوتی: ''پێشتر سێجار سەردانی بینای سەرۆکایەتی دیاربەکری هەدەپەمان کرد، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبوو. کوڕەکەم هیچ هەواڵێکی نییە. کوڕم بۆ خاتری خوا تکات لێدەکەم بگەڕێرەوە. باوکت لە تاو تۆ نەخۆش کەوتووە. شەو و رۆژمان نییە. ٢٤ کاتژمێر لە خەیاڵمدا لەگەڵ تۆ قسە دەکەم. هەموو کات بانگت دەکەم حەسەن... حەسەن''.