وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لەمیانی شەشەمین كۆنفرانسی باڵیۆزەكاندا كە لە هۆتێل JW Mariott رێكخرابوو ئاماژەی بە قۆناغی ئێستا كرد و بە قۆناغێكی دینامیكی وەسفكرد. ئاشكرایكرد ئێستا سەرلەنوێ سیستەمی نێودەوڵەتی دادەڕێژرێتەوە و لەو قۆناغە دینامیكیەدا ئەو وڵاتانەی دەخوازن كاریگەری ئاكتڤیان لەسەر داهاتو هەبێ، ئەوا دەبێ ڕۆڵی بەرچاو بگێڕن و ناكرێ وڵاتێك بە هەڵوێستێكی لاوازەوە ئەم قۆناغە دینامیكیە تێپەڕێنێ.
داودئۆغڵو لەدرێژەی قسەكاندیدا باسی لە پێگەی جوگرافی و مێژووی كەڵەكەبووەكەی توركیا كرد و ئاماژەی بە گرینگی وزە مرۆییەكانی تاكی تورركیا كرد و رایگەیاند كە هەر بەو هۆیەوە بەرەو ئەو مەبەستانە هەنگاو دەنێین كە پێكهاتە نێودەوڵەتیەكان لەسەری دامەزراون.
داودئۆغڵو ئاماژەی بە قۆناغی ڕێكخستنەوەی كۆمار كرد لە دوای دەوڵەتی عوسمانی و باسی لەو رێكخستنەوانە كرد كە لەماوەی دواین دە ساڵی رابردوو لە توركیا ئەنجام دراوە.
دادودئۆغڵو ئاماژەی بە هەنگاوەكانی سەرۆك وەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان كرد لەدوای دامەزراندنی پارتی دادو گەشەپێدانەوە كە لە بارەی رووبەروبوونەوەی گەندەڵی و هەڵگرتنی زۆرێك قەدەغەی سەر سیاسیەكان و ڕوبەڕوبوونەوەی هەژاریدا ئەنجامی داوە.
وەزیری دەرەوەی توركیا باسی لە بنەمای فەلسەفەی دیموكراسی بەهێز كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە كۆكراوەی توانای عەقڵی تاكەكان ،ئەقڵێكی هاوبەشی لێدروست دەكرێ. بەپێچەوانەوە هیچ دیموكراسیەك بەدی نایەت.