بە ھۆی گەمارۆکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر کەمپی پەنابەرانی یەرموک کە زیاتر لە ١٨٤ رۆژە بەردەوامە، ٤٤ کەس گیانیان لە دەستدا.
عەلا بەرغوسی، لێپرسراوی راگەیاندنی پەنابەرانی فەلەستینی لە سوریا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "حکومەتی سوریا زیاتر لە ١٨٤ رۆژە گەمارۆی خستۆتە سەر کەمپەکە و رێ بە ھیچ جۆرە ھاوکارییەک نادرێ بگاتە دانیشتوانەکەی. ئاکام بەھۆی برسیتییەوە تائێستا ٤٤ ئاوارەی فەلەستینی لەو کەمپەدا گیانیان لە دەستداوە."
بەرغوسی ئاماژەی پێدا، لە کەمپی پەنابەرانی یەرموک تائێستا زیاتر لە ٧١٩ کەس بە ھۆی جیاواز گیانیان لە دەستداوە. هەروەها لەگەڵ دەست پێکردنی ساڵی٢٠١٤ تا ئەمڕۆ، سێ کەس لە کەمپی یەرموک بە ھۆی برسی بوونەوە گیانیان لە دەستداوە.
پێشتر نزیکەی ٥٠٠ ھەزار فەلەستینی لەو کەمپەدا نیشتەجێ بوون، پێش دەستپێکردنی گەمارۆکان ئەوانەی لە توانایاندا بوو لە کەمپەکە دەرچوون، بەڵام ھێشتا زیاتر لە ٢٠ ھەزار ئاوارە لەو کەمپەدان و ژیانیان لە مەترسیدایە.