سەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراتی بەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاشی بەگرنگیەوە دەڕوانێتە بانگهێشتی سەرۆكۆماری توركیا عەبدوڵا گول بۆ وەرگرتنی بیروبۆچونی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لەبارەی پرسی پرۆژە یاسای پەرلەمانی تایبەت بە گۆڕینی پێكهاتەی دەزگای باڵای پارێزەران و دادوەرانی ناسراو بە HSYK.
دەمیرتاش ئامادەی دانیشتێكی نوێی دادگاییكردنی ٤٦ تۆمەتباری كەیسی كەجەكە بوو كە لە هۆڵێكی دەرەوەی حەرەمی بەندینخانەی سیلیڤری بەرێوەچوو. لە كاتی هاتنە دەرەوە لە هۆڵی دادگاییكردنەكە، دەمیرتاش وەڵامی رۆژنامەوانانی دایەوە.
دەمیرتاش ئاشكرایكرد كە كاتژمێر ٦ی ئێوارە دەچێتە كۆشكی كۆماری و دووپاتیكردەوە وەرگرتنی بیروبۆچونی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناو پەرلەمان لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە كارێكی گرینگە و هیوای خواست هەوڵەكانی گول جێگەی خۆیان بگرن.
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەشدا لەكۆبونەوەكەدا باس لە دواین كێشەكان و گفتوگۆكانی تایبەت بە HSYK و دادگا دەكەن و هیوای خواست هەوڵەكانی سەرۆكۆمار بۆ سەرلەنوێ دروست كردنی پێكهاتەیەكی دیكەی دادوەری جێگەی خۆی بگرێ.
دەمیرتاش پێش دەستپێكردنی دانیشتنەكەی دادگا، ئاماژەی بە لەدەستدانی متمانەی دادگا كرد و ئاشكرایكرد كە ئەوان لەكاتی سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە ئەو دەستەواژەیان گوێ لێبووە،
دەمیرتاش لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ رۆژنامەوانان گوتی: "لەزاری بەرێز رەجەب تەییب ئەردۆغان خۆیەوە گوێمان لەوە بوو كە هەندێك لە دادوەران و پارێزێزەران كار بۆ دەوڵەتی هاوتەریب دەكەن و چەتەن. ئەگەر پێسویستیش بكا ئێمە چاوەڕێ دەكەین لیستێك بە ناوی ئەو ئەندامانە دروست بكرێ و بڵاو بكرێتەوە لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە تاكو ئێمەش بزانین كێن ئەوانە ، كێ برادەرانمان دادگایی دەكا، ئەركی حكومەتە كە هەرجی زووترە ئەو پارێزەر و دادوەر و بەرپرسە ئەمنیانە ئاشكرا بكا و لەكارەكانیان دوربخاتەوە، ئەویش بە بەڵگەی تەواوەوە."
سەبارەت بە رسیاری یەكێك لە رۆژنامەوانان لەبارەی پرۆژە یاسای گۆڕینی پێكهاتەی HSYK دەمیرتاش بەباشی نەزانی كە گۆرانكاریەكە بەو شێوەیە بكرێ و ئاماژەی بەوەكرد ئەوە جۆرێكی دەستخستنی سیاسییە لە كاروباری سیستەمی دادوەری. هەروەها رەخنەی لەوپرۆژە یاسا پێشنیازكراوە گرت و بە پرۆژەیەكی هەڵەی وەسف كرد و ئاشكرایكرد كە HSYK پێویستی بە گۆرانكاریەكی رێكخراوەیی هەیە لە چوارچێوەی دیموكراتیدا، بەڵام بەو شێوەیە نا.
دەمیرتاش راوبۆچونی پارتی ئاشتی و دیموكراتی لەبارەی پرۆژە یاساكەوە خستە ڕوو و دووپاتیكردەوە كە بەجدی كار بۆ دروستكردنی دامەزراوەیەك دەكەن كە جێی متمانەی تەواوی خەڵك بن و تەواو بێلایەن و سەربەخۆ بن.
دەمیرتاش ڕاشیگەیاند پارتی داد و گەشەپێدان ئەگەر لەم بارەیەوە كراوەبێت بۆ دانوستان، ئەوا ئێمە ئامادەی هەموو پشگیریەكین.