پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەشاری كەلارەوە لەبارەی چالاكییەكانی تایبەت بەچلەی كاوە گەرمیانی ڕۆژنامەنوس ئاماژی پێدا سەرەتای چالاكییەكان، لەسەر گۆڕی گەرمیانی لەگۆڕستانی كەلار، بە لادانی پەردە لەسەر پەیكەرێكی تایبەت بەو ڕۆژنامەنوسە دەستیپێكرد.
پەیكەرەكە پێكهاتووە لە 9 قەڵەم بەهەڵواسراوی لەسەر گۆڕەكەی گەرمیانی ، ئاماژەیەكە بۆ كوشتن و هەڵواسینی قەڵەمی ئازادو ئەو سەعاتەی كەكاوەی تێدا كوژراوە (سەعات 9ی شەو).
لەڕێوڕەسمەكەدا دەیان كەس لە پەرلەمانتاران و ڕۆژنامەنووسان، ڕۆشنبیران و چالاكوانانی مەدەنی بەشدارییان کردبوو.
وا بڕیارە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ، چەند چالاكییەكی دیکە ئەنجام دەدرێن، لەهۆڵی بۆنەكانی كەلار ڕێوڕەسمێكی تایبەت ئەنجام دەدرێ و تێیدا چەند گوتارێك پێشكەش دەكرێن، لەوانە گوتاری هاوبەشی وەزارەتی دەرەوەی دانیمارك و سوید.
دواتر بەشداربووان بە رێپێوان بەرەو بازاڕی كەلار بەڕێدەكەون. بۆ شەوەکەیشی چالاکی هەیە، سەعات 8 بۆ 9 ی شەو لەبەردەم ماڵی كاوە گەرمیانی، گردبوونەوەیەكی بەرفراوان ڕێك دەخەن و لەساتی كوشتنی كاوەدا(سەعات 9ی شەو) لەبری گوللە ماڵەكەی گوڵ باران دەكەن.
كاوە گەرمیانی ڕۆژنامەنووس شەوی 5/12/2013 لەماڵەكەی خۆی لەكەلار كوژرا.
ماڵباتەكەی سكاڵای یاساییان لەسەر چەند بەرپرسێكی ی.ن.ك تۆماركردووە، تائێستا دوو بەرپرسی باڵای یەكێتیی نیشتمانی کوردستان لە لایەن پۆلیس و دادگاوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە. هەروەها چەند تۆمەتبارێكیش لەسەر دۆزی تیرۆرکردنی گەرمیانی دەستگیر کراون.