Mohammed Baqi Hussein
16 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2016
ئەنقەرە
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەكانی سەرۆكایەتیی وەزیرانەوە وەرگیراوە، لە دیدارە دوو سەعاتییەكەی سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لەگەڵ سەركۆماری ئێران حەسەن روحانیدا، چەندین بابەتی وەك پێشهاتەكانی ناوچەكە و لووتكەی رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی تاوتوێ كراوە.
ئێران سەردانەكەی داودئۆغڵو بۆ تاران بە گرنگ ناودەبات بۆ قووڵتركردنەوەی پەیوەندی و هەماهەنگییەكان و داودئۆغڵوش سوپاسی ئێران دەكات بۆ ئەو میواندارییەی لەئاستیدا نیشانیان داوە.
دیدارەكە لە كەشێكی ئارامدا بەڕێوەچوو و تێیدا زیاتر لەسەر بابەتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان وەستان دوای ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی سزا سەپێنراوەكانی سەر ئێرانی هەڵگرت.
بەپێی سەرچاوەكە هەردوولا لە دیدارەكەدا هاوڕا بوون لەسەر بەرەوپێشبردنی هەماهەنگییەكان لە سیستمی بانكی، گەشەپێدانی قەبارەی ئابووری، بەرزكردنەوەی توانای دەروازە سنوورییەكان، رێگریكردن لە دواكەوتنی بارهەڵگرەكان لە دەروازەكاندا و بەرەوپێشبردنی وەبەرهێنان لە هەردوو وڵاتدا.
هەروەها لە دیدارەكەدا بابەتەكانی ناوچەكە بەتایبەت پێشهاتەكانی سووریا و عێراق و هەوڵەكان بۆ پاراستنی سەروەریی سووریا لە قۆناغی چارەسەری قەیرانی ئەو وڵاتە و كۆتایی هێنان بە تراجیدیای مرۆیی لەناوچەكەدا تاوتوێ كران.
داودئۆغڵو لە دیدارەكەدا جەختی لەسەر سووربوونی توركیا كردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی پەكەكە، پژاك، پەیەدە و داعش، روحانیش دووپاتی كردەوە كە داعش و پەكەكە و هەموو درێژكراوەكانیان دوژمنی هاوبەشی توركیا و ئێرانن.
راشگەیەنرا كە لە دیدارەكەدا هەردوولا رێككەوتن لەسەر هەوڵدان بۆ نەهێشتنی جیاوازییەكان لەنێو وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامیدا و گەشەپێدانی هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەكە و بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا لە جیهاندا.