Kemal Karadağ
17 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2021
ئەنقەرە - AA
داواکاری گشتی کۆماریی دادگای باڵا، بەکر شاھین دۆسیەیەکی لە دادگای دەستووریی تورکیا لەسەر داخستنی ھەدەپە کردەوە و تۆمەتنامەیەکی لەمبارەیەوە رەوانەی دادگای باڵا کرد.
داواکاری گشتی کۆماریی دادگای باڵا، بەکر شاھین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە پارتە سیاسییەکان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە جیھانی سیاسەتی دیموکرات، یەکێکن لەو دامەزراوانەی کە ئامانجیان بریتییە لە پێشخستنی بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەمەبەستی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) دۆسییەک لە دادگای دەستووریی تورکیا کراوەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا زیاتر ھاتووە: "دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا قبوڵی ئەوەی کردووە کە تەنانەت ئیدانە نەکردنی تیرۆر دەبێتە بیانوێکی قایلکەر بۆ داخستنی پارتە سیاسییەکان. پێویستە بەرپرسان و ئەندامانی پارتە سیاسییەکان لە چوارچێوەی بنەماکانی دیموکراسییەت درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن. نابێت پەیوەندی و پەیوەستەییان لەگەڵ رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا ھەبێت. نابێت ئامانجیان تێکدان و لەناوبردنی یەکبوونی گەل و دەوڵەتی لێکدانەبڕاو بێت. لەم چوارچێوەیەشدا ئەوە دەرکەوتووە کە بەرپرسان و ئەندامانی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)، بە کردەوە و بەیاننامەکانیاندا دژی یاساکانی جیھانیی و دیموکراسیی ھەڵسوکەوتیان کردووە و پێکەوە لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە و درێژکراوەکانی ئەو رێکخراوە جوڵەیان کردووە. هاوکات وەک درێژکراوەیەکی ئەو رێکخراوە چالاکیان ئەنجامداوە و ئامانجیان تێکدان و لەناوبردنی یەکبوونی گەل و دەوڵەتی لێکدانەبڕاو بووە. بەمەبەستی داخستنی پارتەکە داواکارییەک پێشکەش بە دادگای دەستووریی کراوە".