Yusuf Okur
17 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2021
ئارتڤین - AA
کارەکانی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی کە لە گوندی دەرەئیچیی سەر بە شارۆچکەی یوسوفئەلی لە ئارتڤین کە زیانی بە ٣٥ ماڵ گەیاندووە، بەردەوامە.
بەپێی ئەو زانیارییەی بەدەستھاتووە، بەھۆی ھۆکارێکی نەزانراو لە گوندی دەرەئیچی ئاگر لە ماڵێک کەوتووەتەوە و لە ماوەیەکی کەمدا بۆ ماڵەکانی دەورووبەری تەشەنەی کردووە.
قایمقامی شارۆچکەی یوسوفئەلی، عومەر فاروق ئۆزدەمیر، کە لە دوای ئاگرەکە گەیشتە ناوچەکە، ئەوەی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە گوندەکە ١٧٦ ماڵی تێدایە.
ئۆزدەمیر ئاماژەی بەوە کرد کە بەھۆی ئاگرەکەوە ٣٥ ماڵ زیانیان بەرکەوتووە و ٢٠ سەر ئاژەڵیش لەناوچوون و گوتی، "ھێشتا ھۆکاری ئاگرەکە نەزانراوە و ئاگرەکەش کۆنتڕۆڵ نەکراوە. کارەکانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامە. جگە لە ئاگرکوژێنەوەکانی ئارتڤین و یوسوفئەلی، تیمەکانی کاروباری دارستان و ئافاد ھاوکار کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەکەن".
ئۆزدەمیر ئەوەشی ئاشکراکرد کە ھیچ بریندابوون و گیانلەدەستدانێک رووینەداوە و گوتی، "تیمەکان بە خۆبەخشییەکی گەورەوە کار بۆ کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەکەن".
ھاوکات، پارێزگاری ئارتڤین، یڵماز دۆروک، بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی دۆخەکە گەیشتە ناوچەکە.
لەلای خۆیەوە گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئیسماعیل چاتاکڵی، لە بڵاوکراوەیەکیدا لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە لە گوندی دەرەئیچی لە شارۆچکەی یوسوفئەلی کە ١٧٠ خانووی تێدایە، ئاگرێک لە ماڵێک کەوتووەتەوە و پاشان بۆ ماڵەکانی دیکەی گوندەکە تەشەنەی سەندووە و گوتی، "بە سەرپەرشتی ئافاد رێکاری پێویست گیراوەتەبەر. زیانی گیانی نەکەوتووەتەوە . کارەکانی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەردەوامە. خۆتان خۆشبن. خودا لە خراپتر بتانپارێزێت".