Kemal Karadağ,Muhammet Ali Kemal
14 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
دادگای مافەکانی مرۆڤ لە ئەورووپا نزیکەی ٢٥ هەزار سکاڵای کە لە دوای هەوڵی کودەتای رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ) لە ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ەوە پێشکەشی دادگاکە کرابوون رەتکردەوە و رایگەیاند سکاڵاکان پەیوەندییان بە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کاروباری باری نائاساییەوە هەیە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان سکاڵایان پێشکەشی دادگای مافەکانی مرۆڤ لە ئەورووپا کردووە و لەنێو ئەوانەشدا کەسانێک هەن کە لە چوارچێوەی باری نائاسایی و لە رێگەی ئەو بڕیارنامانەوە کە مامەڵەی یاسایان لەگەڵدا دەکرێت لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.
ژمارەی ئەو سکاڵایانەی کە تاوەکو ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ دژ بە تورکیا لە دادگاکە تۆمارکرابوون، حەوت هەزار و ٦٠٠ سکاڵا بوو. ئەو ژمارەیە تا ٣١ی ئایاری ٢٠١٧ بۆ ٢٤ هەزار و ٦٠٠ سکاڵا بەرزبووەیەوە.
دوای دامەزراندنی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کاروباری باری نائاسایی، دادگای مافەکانی مرۆڤ لە ئەورووپا سکاڵای مامۆستا، گۆکهان کۆکساڵی رەتکردبوویەوە کە لە مانگی حوزەیراندا لە کارەکەی دوورخرابوویەوە و ئاماژەی بەوەکردبوو سکاڵاکە پەیوەندیی بە لیژنەکەوە هەیە. ئەمە جگە لەوەی بۆ سکاڵا هاوشێوەکانیش بڕیاریدا کە سکاڵاکار ''رێگەکانی یاسا ناوخۆییەکانی نەگرتووەتە بەر''.
لەدوای ئەوەشەوە ژمارەی ئەو سکاڵایانەی دژ بە تورکیا تا کۆتایی مانگی حوزەیران لە دادگاکە تۆمارکرابوون، بۆ ١٢ هەزار سکاڵا دابەزی. بەڵام تاوەکو ٣٠ی ئابی ٢٠١٧ ئەو ژمارەیە بۆ ١٩ هەزار بەرزبوویەوە و لە ئامارێکیشدا کە رۆژی ١٣ی تشرینی دووەم لە لایەن دادگاکەوە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی سکاڵان لە ٣١ی تشرینی یەکەمدا بۆ هەشت هەزار و ٣٠٠ دابەزیوە.