پەرلەمانی تورکیا
لە وتوێژێکیدا لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی پارتەکەی لە ھۆڵی پەرلەمان، فاروق لوغئۆغڵو جێگری سەرۆکی جەھەپە گوتی: " دەمەوێ ئەوە ڕابگەیەنم ھەرگیز رێگە بەسەرپۆشی ئافرەت نادەین لە پەرلەمان."
فاروق لوغئۆغڵو جێگری سەرۆکی جەھەپە گوتی "پارێزگاری لە پەرلەمان دەکەین، جەھەپە پارێزگاری لە کەلتور و یاساکانی پەلەمان دەکات و ھەموو ھەوڵەکانی دەخاتەگەڕ و ڕێگە نادەین سیستمی پەرلەمان تێک بچێت."
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بەسەردانەکەی کەمال کڵچدارئۆغڵو بۆ ئەمریکا لوغئۆغڵو چەند زانیاریەکی ئاشکرا کرد و گوتی: سەرجەم کارەکان ئامادەکراون بۆ چوونی سەرۆکی جەھەپە، ھیچ دواخستنێک یان پاشگەزبوونەوەیەک لە وادەی گەشتەکەیدا نیە. چاوەڕوانین ٣٠ تشرینی دووەم یان ٣ کانونی یەکەم گەشتەکە رێک بخرێت، پێدەچێت ڕۆژێک دوابخرێ. گەشتەکەش بۆ کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەپرسانی ئەمریکا و کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئەمریکا.
گوتیشی: ئەم سەردانە تەنھا بۆ واشنتۆنە، ئەم ھەوڵانەش تەنھا بۆ بەدەستھێنانی بەرژەوەندیەکانی تورکیا دەبێت، ھەوڵێکە بۆ باشترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا، زیاتر تێگەشتنی ئەمریکایە لە ھەوڵ و کارەکانی جەھەپە.
لوغ ئۆغڵو لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیدا لەبارەی بەسەردادانی سەرپۆش لەلایەن پەرلەمانتارە ژنەکانی نێو پەرلەمان کە پێنجشەمەی ڕابردوو لەلایەن چەند ئەندام پەرلەمانێکی ئاکەپەوە لەپەرلەمانی تورکیا باس کرابوو گوتی: ھەر وڵاتێک یاسا و دەستور و ڕێنمایی خۆی ھەیە، پەرلەمان خاوەنی ئیدارە و دەستەی بەڕێوەبردنە، ئەمانە ھەمووی گرنگن، کاتێک سەیری مێژووی ٩٠ ساڵەی پەرلەمان دەکەین لە ڕوانگەی پۆشاک و جلوبەرگەوە ھەموو کاتێک گرنگی بەو مەسەلەیە دراوە، وەک پارت گرنگی دەدەین رێکخستنی پەرلەمان لەڕووی جلوبەرگەوە.
گوتیشی: ئاکەپە ماوەی ١٠ ساڵە بەتایبەتیش لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا ھەوڵ دەدات یاساکان بگۆڕێ بۆ ئەوەی بەئاسانی جموجۆڵ بکات، ھەوڵی دروستکردنی باخچەی پشتەوە دەدات بۆ کارەکانی، دەمەوێت بڵێم بەھیچ شێوەیەک بەشداری لە باخچەکەی ئاکەپە ناکەین و پەرلەمان باخچەی پشتەوەی ئاکەپە نیە، لێرەدا گەل بەشێوەیەکی ئاسودە دەژی، نایەڵین خۆشیەکانی گەل تێک بچێت.
ڕاشیگەیاند: " پارێزگاری لەپەرلەمان دەکەین، جەھەپە پارێزگاری لە کەلتور و یاساکانی پەلەمان دەکات، سەرپۆشین تەنھا ھێمایەکە، گرنگ مێشک و بیرو باوەڕە، جەھەپە سەرجەم ھەوڵەکانی دەخاتەگەڕ و ڕێگە نادەین سەرپۆش بێتە ناو پەرلەمان.