توركيا

جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە گرنگی میدیا لە پرسەکانی ژینگە و کەشوھەوادا کرد

- جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو و بەڕێوەبەری گشتیی وەشاندن، یوسف ئۆزھان لەو چالاکییەی کە لەلایەن یەکێتیی ئاژانسەکانی ھەواڵی ئەورووپا رێکخرابوو، ھەڵسەنگاندنی بۆ گۆڕانکاریی ژینگە و کەشوھەوا کرد.

Ömer Faruk Yıldız  | 15.01.2022 - نوێکردنەوە : 15.01.2022
جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە گرنگی میدیا لە پرسەکانی ژینگە و کەشوھەوادا کرد

Geneve

جنێڤ - AA

جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو و بەڕێوەبەری گشتیی وەشاندن، یوسف ئۆزھان لەو چالاکییەی کە لەلایەن یەکێتیی ئاژانسەکانی ھەواڵی ئەورووپا رێکخرابوو، ھەڵسەنگاندنی بۆ گۆڕانکاریی ژینگە و کەشوھەوا کرد و باسی لە رۆڵی ھەستیاری ئاژانسەکانی ھەواڵ لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاریی کەشوھەوادا کرد.

یوسف ئۆزھان بە شێوەیەکی ئۆنلاین بەشداریی لە یەکەمین کۆنفرانسی پلاتفۆرمی EANA Xchange کرد کە لەلایەن یەکێتیی ئاژانسەکانی ھەواڵی ئەورووپا کە ئاژانسی ئانادۆڵوش ئەندامە تێیدا، رێکخرابوو.

ئەو کۆنفرانسەی کە لەلایەن سەرۆکی یەکێتیی ئاژانسەکانی ھەواڵی ئەورووپا، کلێمێنس پیگ و سکرتێری گشتی ئەلێکساندرۆ ئییۆن گیبۆی بەڕێوە دەبرا و ئەندامانی یەکێتییەکە تێدا بەشدابوون، نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند.

یوسف ئۆزھان لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکەدا داتا و زانیاریی پێویستی لەبارەی گۆڕانکاریی کەشوھەوا پێشکەش کرد و جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە زیادبوونی گەرمی جیھانی لە سنووری ١.٥ پلە بھێڵدرێتەوە بۆ ئەوەی رێگریی لە دروستبوونی کارەساتەکان لە جیھاندا بەھۆی رووداوەکانی کەشوھەوا بگیرێت.

جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو و بەڕێوەبەری گشتیی وەشاندن، یوسف ئۆزھان ئەوەی خستەڕوو کە گۆڕانکاریی ئێستای کەشوھەوا ئەنجامی قورسی بۆ جیھان ھەبووە و گوتی: "بەشی ھەرە زۆری گۆڕانکاریی کەشوھەوا بەھۆی کردەوەکانی مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتووە. ھەموومان رووبەڕووی ئەو ئەنجامانە دەبینەوە و باجەکەی دەدەین، بەڵام لە ھەمان کاتدا ھۆکاری ئەو ئەنجامانەش ئێمەین".

- "ھیچ وڵاتێک نییە کە کاریگەری گۆڕانکاریی کەشوھەوای نەکەوتبێتە سەر"

جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو و بەڕێوەبەری گشتیی وەشاندن، یوسف ئۆزھان ئەوەشی بەبیرھێنایەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان ھۆشداریی ئەوەی داوە تا ساڵی ٢٠٥٠ لە ھەر چوار کەسێک یەکیان رووبەڕووی نەبوونی ئاو دەبێتەوە و گوتی: "ئێستا لە ساڵی ٢٠٢٠ەکانین و کات زۆر بە خێرای تێدەپەڕێت. ئەگەری دروستبوونی نەبوونی ئاو لە ساڵی ٢٠٥٠، ئەنجامی پێناسەنەکراوی بۆ مرۆڤایەتی دەبێت. ھەر ساڵێک ١٠٠ ھەزار مەتر دووجای ئاو لەناودەچێت. لە جیھان لە ھەر ١٠ کەسێک نۆیان ھەوای خراپ ھەڵدەمژن. لەکۆتاییدا لە ھەموو شوێنەکەوە گەمارڕۆ دراوین و ھیچ کام لە ئەنجامەکانیش بەدەر نییە لە گۆڕانکاریی کەشوھەوا".

یوسف ئۆزھان ئەوەشی بەبیرھێنایەوە کە "ساڵی ٢٠٢٠ یەکێک بووە لە گەرمترین سێ ساڵ لەوەتەی ساڵی ١٨٥٠ەوە و لە ئەگەری رێگریی نەکردن لە گۆڕانکاریی کەشوھەوا و پیسبوونی ژینگە، ئەوا ساڵانی داھاتوو لە بەرزی پلەی گەرمی دەچنە نێو لیستی ١٠ ساڵی یەکەم".

جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو و بەڕێوەبەری گشتیی وەشاندن ئەوەشی خستەڕوو کە ئاژانسەکانی ھەواڵ گرنگییەکی زۆریان ھەیە لە ھۆشیارکردنەوەی پەیوەندار بە گۆڕانکاریی کەشوھەوا و بابەتەکانی پەیوەست بە ژینگە و لەمبارەیەوە گوتیشی: "ھەماھەنگی کردنی یەکتر وەک ئاژانسەکانی ھەواڵ لەسەر پرسی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاریی کەشوھەوا زۆر گرنگە. لەمبارەیەوە ئەرک لەسەر شانی ئێمەدایە".

یوسف ئۆزھان زانیاریی پێویستی لەسەر پێکھێنانی بەشێکی نوێ لەبارەی ھەواڵەکانی ژینگە و کەشوھەوا لەلایەن ئاژانسی ئانادۆڵو بە بەشداربووان دا و گوتی: "ئێمە وەک ئاژانسی ئانادۆڵو ھەستیاریی قوڵ لە بەرامبەر رووداوەکانی ژینگە و کەشوھەوا کە رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات، نیشان دەدەین. ئاگاداربوون لە پێشھاتەکانی ژینگە گرنگی ھەستیاری ھەیە".

جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو و بەڕێوەبەری گشتیی وەشاندن وردەکاری کۆمەڵە و ناوەڕۆکی ئەو ھەواڵانەی کە لە چوارچێوەی ئەو بەشە ئامادە دەکرێن، پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

جێی ئاماژەیە، مانگانە بەڕێوەبەرانی ئاژانسەکانی ئەندام لە یەکێتی ئاژانسەکانی ھەواڵی ئەورووپا لەبارەی پرسێکی دیاریکراو پرێزنتەیشنێک پێشکەش دەکەن کە یەکەمینیان یوسف ئۆزھان پێشکەشی کرد.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın