Ömer Yasin Ergin, Ahmet Kaplan
03 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2021
دیاربەکر - AA
چالاکی نێودەوڵەتی زەرزەڤان بۆ چاودێری کردنی ئاسمان کە لە دیاربەکر سازکرا، لەلایەن هاووڵاتیانەوە گرنگیی زۆری پێدەدرێت.
چالاکیەکە کە بە پشتیوانی وەزارەتی پیشەسازیی و تەکنەلۆجیا، وەزارەتی وەرزش و لاوان، دامەزراوەی توێژینەوەی زانستیی و تەکنەلۆجیا، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی تورکیا، پارێزگای دیاربەکر و ئاژانسی گەشەپێدانی کاراجاداغ بەڕێوەدەچێت و تا ٤ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، لە قەڵای زەرزەڤان لە پارێزگای دیاربەکر بەڕێوەدەچێت کە مێژوویەکی سێ هەزار ساڵی هەیە و لە سەردەمی ئیمۆپراتۆریەتی رۆمادا وەک نشینگەی سەربازیی بەکارهێنراوە.
ژمارەیەکی زۆر لە سەردانکەرانی ناوخۆیی و بیانیی بەو ستاندانەدا گەڕان کە لە دەوری قەڵای زەرزەڤان بۆ چالاکییەکە دانرابوون بە تەلیسکۆپ تەماشای ئاسمانیان کرد.
بەسرا ئۆزجان، کە لە ئەلعەزیزەوە چووە بۆ سەردانکردنی چالاکیەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر سەردانی قەڵاکەی کردووە بەڵام بیری لەوە نەکردووەتەوە چالاکییەکی لەو شێوەیەی تێدا سازدەکرێت، ئێستاش کە سازکراوە مایەی شەرەفمەندیە.
ئۆزجان سوپاسی بەرپرسانی پەیوەندیداری کرد بۆ سازکردنی چالاکییەکە و، رایگەیاند: ''پێشتر تامەزرۆی بینینی ئاسمان بووم بەم شێوەیە، کاتێ رێکخستنی چالاکیەکی لەو شێوەیەم بیست هیواخوازی بەشداری کردن بووم. هەلی ئەوەم هەبوو کە بە چاوی رۆژ و شەو بە تەلیسکۆپ لە ئاسمان وردبمەوە. زۆر حەزەکەم ئێوارەش بە وردی لە مانگ، ئەستێرەکان و ئاسمان وردبمەوە. زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە بەشداری لە چالاکیەکی لەو شێوەیەدا دەکەم''.
سیبەل دیرلیک، کە لە ئانتاڵیاوە سەردانی دیاربەکری کردووە بۆ بەشداری کردن لە چالاکییەکە و تەماشاکردنی ئەستێرەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە بە ستاندەکاندا گەڕاوە و، رایگەیاند: ''ئەوە دووەم جارە دێین بۆ ئێرە. بە دیاربەکردا گەڕاین. ئەمڕۆش لە قەڵای زەرزەڤان خێوەت هەڵدەدەین. بە تەلیسکۆپ لە ئەستێرەکان دەڕوانین و پشتیوان بەخوا رۆژێکی خۆش بەسەر دەبەین''.