Behlül Çetinkaya
27 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2022
ئەنقەرە-AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەبارەت بەو پەلامارەی کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کرایە سەر کۆنسولخانەی گشتیی تورکیا لە شاری مووسڵ باکووری عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە "بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین کە زیانی گیانیی نەبوو، چاوەڕوانین هەرچی زووە بەرپرسیارانی بدرێنە دادگا، بانگهێشتی دەسەڵاتدارانی عێراقیش دەكەین، بۆ پاراستنی دیپلۆماتکاران و کۆنسولخانەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بكەن".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پەلامارەکە لە کاتێکدا ئەنجامدراوە کە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای عێراق، بەڕێوەچووە و هاتووە "ئهم پەلاماره کە له میانی كۆبوونهوهی ئهنجوومهنی ئاسایشی نهتهوه یهكگرتووهكاندا كه لهسهر داوای دهسهڵاتدارانی عێراق بهڕێوهچوو ئەنجامدراوە، جێگەی سەرنج و تێڕامانە".
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە "لێرەدا بانگەوازمان بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق دووپات دەکەینەوە کە گرنگی بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بدەن و کۆتایی بە بوونی تیرۆریستان لە خاکەکەیان بهێنن کە مەترسی بۆسەر وڵاتانی دراوسێ و دیپلۆماتکاران دروست دەکات".