Mazın Asad
13 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2017
پەرلەمانی تورکیا
نۆیەمین ماددەی گەڵاڵەی گۆڕانکاری دەستوور لە پەرلەمانی تورکیا بە ٣٤٣ دەنگی بەڵی بەرامبەر بە ١٣٧ دەنگی نەخێر پەسەند کرا.
لە دەنگدانی نۆیەمین ماددەی گەڵاڵەی گۆڕانکاری دەستوور، ٤٨٥ پەرلەمانتار بەشدار بوون کە ماددەکە حوکمی تاوانەکانی سەرکۆمار رێکدەخات.
بەپێی ماددەکە، لەکاتی دەنگۆی ئەنجامدانی تاوانێک لە لایەن سەرکۆمارەوە، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، دەکرێت لێکۆڵینەوە دەربارەی سەرکۆمار بکرێتەوە. لەوبارەیەوە لەسەر دەنگی نھێنی سێ لەسەر پێنجی پەرلەمانتاران بڕیاری دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەبارەی سەرکۆمار دەدرێت.
ئەگەر بڕیار لەسەر لێکۆڵینەوە دەربارەی سەرکۆمار بدرێت، ئەوا بەپێی سەنگی پارتەکان کۆمسیۆنێکی لێکۆڵینەوە پێکدەھێنرێت کە لە ١٥ ئەندام پێکدێت. کۆمسیۆنەکە لە ماوەی دوو مانگدا دەربارەی سەرکۆمار راپۆرتێک پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات و ئەگەر لێکۆڵینەوەکان لەو ماوەیەدا تەواو نەبێت، ئەو مانگێگی دیکە مۆڵەت بە لێکۆڵینەوەی کۆمسیۆنەکە دەدرێت.
ھەر بەپێی نۆیەمین ماددەی گەڵاڵەی گۆڕانکاری دەستوور، ئەو راپۆرتەکەی دەربارەی سەرکۆمار ئامادە دەکرێت لە ماوەی ١٠ رۆژدا لە ئەنجوومەنی گشتی پەرلەمان تاوتوێ دەکرێت و بە دەنگی نھێنی سێ لەسەر دووی پەرلەمانتاران بڕیارێک دەردەچێت. بڕیاری کۆتایی لە ماوەی سێ مانگدا دەدرێت.
لە ناوەڕۆکی ماددەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەکاتی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە دەربارەی سەرکۆمار، ئەوا سەرکۆمار ناتوانێت بڕیاری ھەڵبژاردن بدات. ھاوکات ئەگەر سەرکۆمار تۆمەتەکەی بەسەر ساغ بێتەوە، ئەوا ئەرکی سەرۆکایەتی کۆماریی کۆتایی پێدێت.
ئەگەر سەرکۆمار لەکاتی ئەرکەکەی تۆمەتێکی بەسەر ساغ بێتەوە، ئەوا دوای تەواوبوونی ئەرکەکەشی حوکمی ماددەکەی لەسەر پەیرەو دەکرێت.