توركيا

بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی بۆدڕوم ژێرئاوکەوت

- دوای ئەوەی بەلەمێک کە ٣٤ کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو لە کەناراوەکانی گومبەتی شارۆچکەی بۆدڕوم لە پارێزگای موغڵا، ژێرئاوکەوت و ٢٠ لە سەرنشینانی رزگارکران، دووان لە رزگارکراوەکان لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا.

Ali Ballı, Muhammet Ali Kemal  | 22.10.2018 - نوێکردنەوە : 23.10.2018
بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی بۆدڕوم ژێرئاوکەوت

Muğla

موغڵا - AA

دوای ئەوەی بەلەمێک کە ٣٤ کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو لە کەناراوەکانی گومبەتی شارۆچکەی بۆدڕوم لە پارێزگای موغڵا، ژێرئاوکەوت و ٢٠ لە سەرنشینانی رزگارکران، دووان لە رزگارکراوەکان لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا و چوار کەسیش بەهۆی رووداوەکەوە دەستبەسەرکران.

پاش ئەوەی کە هاواری کۆچبەرە نایاساییەکان بۆ بە هاناوەچوونیان لە نزیک کەناراوەکانی گومبەت بیسترا، تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان و هێزەکانی پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.

بەلەمەکە ناوی "ئێلا" بوو، بە تەواوەتی ژێرئاوکەوتبوو، درێژییەکەی شەش مەتر و، ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو کە ژمارەیەکیان ژن و منداڵ بوون. تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان بە خێرایی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئەو کەسانەیان رزگارکرد کە لە سەر ئاوەکە چاوەڕێی بەدەمەوەچوون بوون و، بۆ ناو بەلەمەکانیان گواستنەوە.

هاووڵاتییانی ناوچەکەش هاوکاریی رزگارکردنی کۆچبەرە نایاساییەکانیان کرد.

بەلەمەکەش کە بەتەواوەتی ژێرئاوکەوتبوو، لەلایەن تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکانەوە، لە دەریا دەرهێنرا و گەیاندرایە کەناراوەکە و بەسترایەوە. تیمەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەکانیان لەنێو بەلەمەکەدا کرد و لەئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی فرە لایەنە، هێزەکانی پۆلیس چوار کەسیان دەستبەسەرکرد.

لە راگەیاندراوێکیشدا کە لەلایەن فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە:

رۆژی ٢٢ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٠٥:٤٧ لە کەناراوەکانی گومبەت لە شارۆچکەی بۆدڕومی پارێزگای موغڵا، هەواڵی ئەوە گەیشت کە بەلەمێک کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو، لە دووریی ٥٠ مەتر لە کەناراوەکە ژێرئاوکەوتووە. لەدوای گەیشتنی هەواڵەکە، سێ بەلەمی ئاسایشی کەناراوەکان و تیمێکی ژێردەریایی ئاسایشی کەناراوەکان راسپێردران کە دەست بە کارەکانی گەڕان و رزگارکردن بکەن.

لەئەنجامدا ١٧ کۆچبەری نایاسایی لە دەریادا رزگارکران و، سێ کۆچبەری دیکە لە وشکانیی هەڵگیراونەتەوە و، ١٤ کۆچبەری دیکە بە توانای خۆیان گەیشتوونەتە کەناراوەکان و رادەستی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بۆدڕوم کراون.

لەکۆی ٣٤ کۆچبەری نایاسایی کە لە بەلەمەکەدا بوون، دوو منداڵ کە باری تەندروستییان جێگیر نەبوو، مەترسی لەسەر ژیانیان هەبوو، لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە. هێشتا گەڕان و پشکنین لە دەریادا لە ئەگەری بوونی کۆچبەری زیاتری بێ سەروشوێن، درێژەی هەیە".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın