Meltem Öztürk,Muhammet Ali Kemal
14 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2017
ئەنقەرە- AA
سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم ئاماژەی بەوەکرد دەستووری ئێستای وڵاتەکەی مۆدێلی 1982ـە و لەگەڵ واقیعی ئێستادا ناگونجێت، راشیگەیاند: ''ئەوانەی لە بەرەی 'نەخێر'دان دەڵێن 'با پاڵێکی پێوە بنێین، کاردەکات'. کارناکات، گەلیش لەخۆڕا ماندوو مەکەن. هاووڵاتییان لە 16ی نیساندا دەچنە سەر سندووقەکان و ئەو دەستوورەی کە بەرهەمی کودەتایە، دەگۆڕن. گەل دەڵێت 'بەڵێ' و کارەکە کۆتایی دێت''.
بینالی یڵدرم لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان گوتارێکی پێشکەشکرد.
یڵدرم لە گوتارەکەیدا گوتی: ''هەموو کات گوتوومانە و دەیڵێینەوە، دەستووری ئێستا مۆدێلی 1982ـە، پەکی کەوتووە و بەکەڵکی کارپێکردن نەماوە. ئەوانەی لە بەرەی 'نەخێر'دان دەڵێن 'با پاڵێکی پێوە نێین، کاردەکات'. کارناکات، گەلیش لەخۆڕا ماندوو مەکەن. هاووڵاتییان لە 16ی نیساندا دەچنە سەر سندووقەکان و ئەو دەستوورەی کە بەرهەمی کودەتایە، دەگۆڕن. گەل دەڵێت 'بەڵێ' و کارەکە کۆتایی دێت''.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاشکرایکرد بۆ روونکردنەوەی سیستەمی حکوومەتی کۆماری سەردانی سەرجەم شار و شارۆچکەکان دەکات و گوتی: ''لەهەر وێستگەیەکدا کە پێی گەیشتبین، ئەوەمان گوتووە کە ئەوانەی دەیانەوێت عەقڵی گەل بە درۆ و دەلەسە پڕ بکەن، دیسان سەرناکەون. هاووڵاتییان خۆیان دەزانن چییان دەوێت و چی دەکەن. تاوەکو 16 نیسان لە گۆڕەپانەکاندا دەبین. ئێوە ئامادەن؟ بەهەموو رێکخستنەکانمانەوە، پارێزگا بە پارێزگا، شارۆچکە بە شارۆچکە، گوند بە گوند و گەڕەک بە گەڕەک دەگەڕێین و باسی سیستەمی حکوومەتی کۆماریان بۆ دەکەین. دڵنیام و باوەڕم وایە کە ئەو وەرچەرخانە دیموکراتییەی گەلەکەمان لە 2007دا دەستی پێکرد، لە 16ی نیسانی 2017دا دەیگەیەنێتە لووتکە''.