Ramal Mahmood
05 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2016
دادگای دووەمی سزا قورسەکانی دیاربەکر لەسەر دۆسیەی کەجەکە کە سەربە پەکەکە-یە، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ هەشت پەرلەمانتاری سەربە هەدەپە دەرکرد کە لەنێویاندا بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە، چاغڵار دەمیرەڵ هەیە.
لە دوای پەسەندکردنی یاسای ھەڵگرتنی پارێزبەندی و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا، دەستکرا بە دادگاییکردنی پەرلەمانتاران.
پێشتر بڕیاری دادگاییکردن بۆ هەشت پەرلەمانتار لە دادگای دووی سزا قورسەکانی دیاربەکر دەستیپێکرد. بەڵام پەرلەمانتارانی تۆمەتبار بەشداری دانیشتنەکەیان نەکرد و پارێزەرانیان ئامادەی دانیشتنەکە بوون.
دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ هەشت پەرلەمانتاری خولی ٢٦مین دەرکرد کە لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی یەکی تشرینی دووەمی ٢٠١٥دا لەسەر لیسیتی هەدەپە دەرچوو بوون. ئەوانیش بریتین لە: عوسمان بایدەمیر، دیرایەت تاشدەمیر، چاغڵار دەمیرەڵ، سەلمان ئرماک، ئەحمەد یڵدرم، بەسیمە کۆنجا، ئالیجان ئۆنلو و نادیر یڵدرم.
جیا لەوەیش لەسەر دۆسیەی کەجەکە، دادگای دووی سزا قورسەکانی دیاربەکر بڕیاری گرتنی ٢١ کەسی داوە کە ناوی هەریەک لە ئەندامی کۆنسەی سەرکردایەتی کەجەکە، سابری ئۆک و برا گەورەی هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە، سەڵاحەددین دەمیرتاش، نورەددین دەمیرتاش کە هەڵاتووە لەناو لیستەکە دایە.