Ahmet Dursun
04 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2019
ئەنقەرە - AA
راگەیەندرا کە ئەو کەشتییەی لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە بانگەشەی قاچاخچییەتی سووتەمەنی لە کەنداوی بەسڕە دەستی بەسەرداگیراوە، ھی وڵاتی عێراقە.
بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ئیرنای فەرمی ئێران، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو کەشتییەی دەستی بەسەرداگیراوە ھی وڵاتی عێراقە.
بانگەشەی ئەوە کرا کە ئەو کەشتییە ناوی "ھیتا"یە نەوتی لە ئێران بە قاچاخ بردووە و ویستوویەتی بۆ وڵاتانی عەرەبی دەوروبەری کەنداوی بەسڕە بگوازێتەوە.
لای خۆیەوە فەرماندەی ناوچەی دوو لە ھێزی دەریاوانیی ئێران، عەمید رەمەزان زیراعی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ھەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند کەشتییەکە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە کەنداو دەستی بەسەرداگیراوە و تیمی نێو کەشتییەکەش لە حەوت کەس پێکھاتووە.
زیراعی ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو حەوت کەسەی ویستوویانە ٧٠٠ ھەزار لیتر سووتەمەنی بە قاچاخ ببەنە وڵاتانی عەرەبی دەروبەری کەنداوی بەسڕە و دەستگیر کراون.
کەشتییەکەش بەمەستی ئەنجامدانی رێککاری پێویست بردراوەتە دوورگەی فارس.