Ramal Mahmood
07 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2017
پەرلەمانی تورکیا - AA
سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم رایگەیاند "بینینی گشتپرسی وەک بەرەی حزبەکان هەڵەیە. ئەم گشتپرسییە بابەتی تێپەڕاندنی سەردەمێکە لە وڵات. بابەتی بەردەوامبوونی رێگای دینامیکی دیموکراسی مۆدێرنە. کرۆکی کارەکە ئەمەیە".
یڵدرم لە هۆڵی کۆبوونەوەی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا لەبارەی یاسای گۆڕانکاری لە دەستوور ئاماژەی بەوە دا کە راستترین بڕیار بڕیاری گەلە و گوتی: "سندوقەکانی دەنگدان هەن، بەرەو کەشی کێبڕکێی سیاسی دەچێت. با کەس ئەوەی لە بیر نەچێت. ئەوە دەنگدانە لەسەر گۆڕانکاری ١٨ مادەی دەستووری لەبارەی سیستەمی حوکمڕانی سەرۆکایەتی، دادوەری و پەرلەمانتاران. ئەوە هەڵبژاردنێکی گشتیی نییە. لەو باوەڕە دام تەنها دەنگدەرانی ئاک پارتی و مەهەپە نا، بەڵکو دەنگدەرانی پارتەکانی دیکەش بەڕێژەیەکی بەرز دەنگی پێدەدەن کە بیر لە داهاتووی تورکیا دەکەنەوە و ئامانجیان ئەوەیە تورکیا بەپەلە بگاتە ئەو ئاستە شارستانییە هاوچەرخەی غازی مستەفا کەمال مەبەستی بوو".
یڵدرم ئاماژەی بەوە دا کە گۆڕانکارییەکانی دەستوور لە بەرژەوەندی گەلە و، گوتی: "گەلی ئێمە بەدڵخۆشییەوە دەچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە'بەڵێ' دەدات. ئەم گشتپرسییە بابەتی تێپەڕاندنی سەردەمێکە لە وڵات. بابەتی بەردەوامبوونی رێگای دینامیکی دیموکراسی مۆدێرنە. کرۆکی کارەکە ئەمەیە.ئایا بە دەستوورەکانی بەرهەمی کودەتاکان ساڵەهای ساڵ لە وڵاتی خۆمان سوکایەتیمان پێ نەکرا؟ دەستوورێک دانرا کە زوو زوو شتیکی دەخرایە سەر. دەستووری وڵاتێکی گەورە و گران ببوو بەشتی تێکەڵوپێکەڵ. تورکیا بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجە گەردوونییەکانی ناتوانێت ئەم رەوشە بەمجۆرە درێژە پێ بدات. لەبەر ئەمە ئاک پارتی کەوتە خۆ و گوتی 'ئیدی قسە قسەی گەلە. بڕیار بڕیاری گەلە'".