Abdullah Shukur
17 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2017
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان: "نزیکەی ٢٥ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار کەس گۆڕانکاری دەستووری پەسند کردووە. بەم پێیەش گشت تاوتوێیەکان لەبارەی ئەم پرسە کۆتایی ھاتووە. ئیتر ئەو پێشھاتە نوێیانەی کە بەھۆی گۆڕانکاری دەستوور دێتە ئاراوە، لە خزمەتی گەلدایە. ئیتر ھەموومان بەرەو ئاراستەی داھاتوو دەڕۆین".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار، وتارێکی بۆ جەماوەرەکەی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان لەبارەی بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی رێکخستنی ھەماھەنگی ئاسایشی ئەورووپا لەبارەی گشتپرسییەکەی تورکیا گوتی: "رێکخراوێک ھەیە بە ناوی رێکخستنی ھەماھەنگی ئاسایشی ئەورووپا، ئەمانە بە ئارەزووی خۆیان راپۆرتێکیان بڵاوکردووەتەوە، باس لە گشتپرسییەکەی تورکیا دەکەن. ئێوە پێویستە سنووری خۆتان بزانن. ئەو راپۆرتە سیاسییانەی کە ئێوە ئامادەی دەکەن ئێمە بە ھیچ شێوەیەک نایبینین و نایبیستین. ئێمە لە رێگەمان بەردەوامین".
ئەردۆغان لەبارەی ئەنجامەکانی گشتپرسی وڵاتەکەی گوتی: "لە لایەکدا ئەو ئەنجامەی لە ١٦ی نیسان دەرچووە کەسانێکی دڵخۆش کردووە و بێگومان کەسانێکشیش خەمبار کردووە. رۆژنامەکانم بینی. دەبینم کە کەسانێک دەرچوون و ئاھەنگی 'نەخێر' دەکەن. دڵخۆشی بردنەوە دەزانین و بەڕاستی جۆش و خرۆشی بردنەوە دەزانن، بەڵام ئاھەنگی دۆڕاندان چۆنە ئێستا فێری بووین. چییە ئەمە؟ ئەمانە ئاژاوەچییەکانی گەزی (پارک) بوون".
ئەردۆغان لەبارەی پرسی ئەندامەتی تورکیا لە یەکێتیی ئەرووپا گوتی: "ئەمانە بۆ ماوەی ٥٤ ساڵ ئێمەیان لە چاوەڕوانی راگرت. دادەنیشین و تاوتوێی دەکەین. ھەڵبژاردنێک بۆ ئەم پرسەش دەکەین".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە درێژەی وتارەکەیدا گوتیشی: "ئەوانەی لە سووریا پشتیوانیان لە رێکخراوانی تیرۆریستی کرد و بەڕاشکاوانە دوژمنایەتیان بەرامبەر بە وڵاتەکەمان راگەیاند پێویستە بزانن کە ھەرچییەک دەبێت با ببێت، تورکیا ھەرگیز رێگە بە پێکھاتەیەکی رێکخراوی تیرۆریستی یاخود تیرۆر لە سنوورەکانی نادات. ئەوانەی وا دەزانن بە تیرۆریستە بەکڕێگیراوەکان چۆک بە تورکیا دادەنێنن، بەم نزیکانە بەھەڵەداچوونیان دەبینن. ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات دوا ئۆپەراسیۆنمان نییە، بەڵکو ئۆپەراسیۆنی یەکەممان بوو".
ئەردۆغان گوتیشی: "بەریتانیا برێکستی ئەنجامدا، ئێستا بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا دەردەچێت کە دامەزرێنەری ئەو یەکێتییە بوو و نەرویج دەرچوو. ئەو لایەنەی کە بڕیار دەدات کێیە؟ ھەڵبەتە گەلە. گەل چ بڕیارێک بدات ئەوە ئێمە پابەندی دەبین. یان ئەو بەڵێنانەی کە بە تورکیایان داوە بەجێ دەھێنن یانیش بەپرسیارێتیەکەی لە ئەستۆ دەگرن. ئەم کارانە بە ناردنی رێکخراوە تیرۆریستە چەکدارەکان بۆ وڵاتەکەمان نابێ".