Mazın Asad
23 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2018
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند سبەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام دەدەن و گوتیشی: "بەڕێز ترەمپ دەیەوێت پەیوەندی بە سەرکۆمارمان بکات. کاتی ئەنجامدانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دیاری کراوە".
چاوشئۆغڵو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن، لە باڵیۆزخانەی تورکیا لە پاریس وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانی دایەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ تیلەرسن بە گشتی تاوتوێی پرسی سووریا کراوە و راشیگەیاند نیگەرانی تورکیا لەبارەی پێدانی چەک بە پەیەدە/ُپەکەکە دووبارە خراوەتەڕوو.
مەولود چاوشئۆغڵو گوتیشی: "ھاوکات نیگەرانی تورکیا لەبارەی پێکھێنانی بەناو سوپا بۆ تیرۆریستان لە لایەن ئێمەوە باس کرا. ئەمڕۆ (تیلەرسن) جەختی لەوە کردەوە کە پشتیوانی لە دروستکردنی پێکھاتەیەک لە لایەن پەیەگەوە ناکەن و ھاوکات پشتیوانی لە پێکھاتەیەکی سیاسیش ناکەن. سبەی ھەردوو سەرۆک(سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ) لە رێگەی تەلەفۆنەوە گفتوگۆ دەکەن. سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت پەیوەندی بە سەرکۆمار ئەردۆغانەوە بکات. کاتی ئەنجامدانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دیاری کراوە".