Enes Kaplan,Muhammet Ali Kemal
20 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 20 ئەیلوول 2018
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "باوەڕم وایە هاریکاریی ستراتیجییمان لەگەڵ ئەمریکادا سەرەڕای سەرجەم هەڵکشان و داکشانەکان لە رێگەی وەبەرهێنان و بازرگانییەوە زیاتر بەهێز دەبێت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار، لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە تورکیا، کۆبوویەوە و گوتارێکی پێشکەشکرد وهیوای خواست لە رێگەی ئەو راوێژانەی دەیانکەن ئەو قۆناغە شلۆقەی کە بازرگانیی نێودەوڵەتیی پیایدا تێپەڕدەبێت بۆ وڵاتان و کۆمپانیاکان و سەرجەم وەبەرهێنان ببێتە مایەی سوود لێوەرگرتن.
جەختی لەوەشکردەوە کۆبوونەوەکە دەرفەتێکیان پێدەدات بۆ ئەوەی باشتر لە یەکتر تێبگەن و لە نزیکەوە ئاگاداری روانگەی یەکتری ببن و گوتی: "باوەڕم وایە هاریکاریی ستراتیجییمان لەگەڵ ئەمریکادا سەرەڕای سەرجەم هەڵکشان و داکشانەکان لە رێگەی وەبەرهێنان و بازرگانییەوە زیاتر بەهێز دەبێت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان تیشکی خستەسەر ئەوەی نهێنیی پشت چیرۆکی سەرکەوتنی ئابووریی، بازرگانیی و وەبەرهێنان لە تورکیا لە ماوەی ١٦ ساڵی رابردوودا، سووربوونی ئەوانە لەسەر ریفۆرمەکان و گوتی: "پێموایە راکێشانی سەرنجتان بۆ ئەم بابەتە سوودی دەبێت، لەلای ئێمە ریفۆرمەکان، رێکارێک نەبوون یەک جار گرتبێتمانە بەر و بەوشێوەیەش نابێت. بەپێچەوانەوە، پێمان وایە ریفۆرمەکان بەردەوام و دینامیکین. بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری رێکارە پێویستەکان بەپێی گۆڕانی دۆخ و پێویستی و تاقیکردنەوەکان. ئەو رێکارانەی کە بە مەبەستی باشکردنی ژینگەی وەبەرهێنان دەیانگرینە بەر، بە لەبەرچاوگرتنی پێشنیاز و فیدباکەکانی ئێوە، ئەنجامدەدەین".