Zafer Fatih Beyaz
28 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2023
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەربارەی پردی شەهیدانی ١٥ی تەمووز لە پارێزگای ئادانا رایگەیاند: "وڵاتەکەمان ساڵانە ٢٨٦ ملیۆن لیرەی بۆ دەگەڕێتەوە. هەروەها رێژەی دەردانی کاربۆن بە رێژەی زیاتر لە چوار هەزار تۆن کەم دەکاتەوە".
لە پارێزگای ئادانا پردی شەهیدانی ١٥ی تەمووز کرایەوە، ئەردۆغان لە شاری ئەنقەرەوە بەشێوەی ئۆنلاین بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی پردەکەدا کرد و دەربارەی بەرەوپێشچوونەکانی تورکیا لە بواری وزە و سوتەمەنیدا رایگەیاند: "گازی سروشتی خۆمان هەیە، پشتیوان بە خوا لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەو رۆژانەش دەبینین کە نەوتی پێویستمان دەست دەکەوێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانمان".
سەرکۆماری تورکیا وەڵامی ئەو رەخنانەشی دایەوە کە لە بەرەوپێشچوونەکانی تورکیا دەگیرێن و گوتی: "با کەسێک بێت بڵێت: 'رێگا و پردەکان نانمان دەدەن؟ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سکمان تێر دەکات؟' گەلەکەمان دەزانێت کە هەر خزمەتگوزارییەک وەک خشتێکە وایە کە بۆ داهاتووی وڵاتەکەمان دادەنرێت".
دەربارەی گرنگی پردی شەهیدانی ١٥ی تەمووزی ئادانا، بۆ هاووڵاتییان و کەرتی هاتوچۆی ئەو شارە، ئەردۆغان رایگەیاند: "لەڕێی ئەم پردەوە وڵاتەکەمان ساڵانە ٢٨٦ ملیۆن لیرەی بۆ دەگەڕێتەوە. هەروەها رێژەی دەردانی کاربۆن بە رێژەی زیاتر لە چوار هەزار تۆن کەم دەکاتەوە".