ئیستانبوڵ
ئەردۆغان لەمیانی بەشداری كردنی لە رێوڕەسمێك كە لە ناوەندی كولتووری باغلار باش لە ئیستانبوڵ رێكخرابوو، گوتەیەكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بە هەوڵە جیاوازەكان كرد بۆ كۆتایی هێنان بە زمانەكانی وەك كوردی و عەرەبی و عوسمانی و رایگەیاند "سەرەڕای ئەم هەموو هێرشە بۆ سەریان، زمانی عەرەبی و عوسمانی و كوردی، هێشتا زیندووە. زۆر بێبەزەییانە لە ئاش دراین و هەوڵی هاڕینمان درا، بەڵام زمانەكانمان، بەزیندوویی مایەوە كە هۆكاری بوونمانە وەك میللەت.
ئەردۆغان لەبەشێكی تری گوتەكانیدا باسی لە گرنگی زمان و شارستانییەت كرد بۆ مانەوەی نەوەكان و گوتی: "زمان شارستانیەتە. زمان یادەوەرییە، هەوڵ بدەن منداڵیتان بێتەوە یاد. دەزانن كە تا كاتێكی دیار هیچ شتێكتان بیر نایەتەوە. چونكە ئەگەر زمان نەبێت، ئەوا یادەوەریش نابێت. منداڵ كە فێری قسە دەبێت و دەست دەكات بە قسە كردن، هاوكات دوای ئەوە دەست دەكات بە تۆمار كردنی یادەوەرییەكانی. ئەمە نەك تەنیا بۆ منداڵانی ساوا، بەڵكو بۆ میللەتانی دنیاش هەر وەك یادەوەرییەك وایە. جەمیل مەریچ-ی رەحمەتی دەڵێت: باشترین پێناسی میللەت بەردەوامبوونیەتی . بەردەوامی لە پەروەردە و زمان و شوناسی دایە. بەڵێ زمان، پێناسەی شارستانییەت و یادەوەری و بوون بە میللەتە. ئەگەر زمانێكتان لە میللەتێك سەندەوە، ئەوا شارستانییەت و یادەوەری و میللەت بوونتان لەو كۆمەڵگەیە سەندووەتەوە. وەك میللەتێك كە زۆرترین باجی ئەمەم داوە، دەڵێم ئەگەر دەستدرێژی بكەیتە سەر زمانی كۆمەڵگەیەك، ئەوا دەستدرێژیت كردووەتە سەر دین و كەلتور و هونەر و ئەدەبیاتی ئەو كۆمەڵگەیە."