Yıldız Nevin Gündoğmuş
13 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2023
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاشکرای کرد کە سەدەی تورکیا لە هەمان کاتدا دەبێتە "سەدەی جیهانی تورکی".
ئەردۆغان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، راگەیەندراوێکی دەربارەی گەشتەکەی بۆ ئازەربایجان بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە: "دوای هەڵبژاردنەکانی ١٤ و ٢٨ی ئایار، یەکەم گەشتمان بۆ کۆماری قوبرسی تورکی باکوور و ئازەربایجان ئەنجامدا و خۆڕاگری خۆمانمان خستەڕوو. خوای گەورە خۆشەویستی و برایەتییمان بەردەوام بکات. پشت بە خوا سەدەی تورکیا لە هەمان کاتدا دەبێتە سەدەی جیهانی تورکیش".
سەرکۆماری تورکیا جەختی لەوەش کردەوە کە هەمووان پێکەوە هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ بەهێز کردنی توانای رێکخراوی دەوڵەتە تورکەکان و نووسیوویەتی: "وەک تورکیا و ئازەربایجان خاوەنی پێگەیەکی ستراتیجین لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا. بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ برایەتیمان لە بازرگانییەوە تا بواری وزە، لە پیشەسازی بەرگرییەوە تا گەیاندن لە هەموو بوارەکاندا هەماهەنگییەکانمان چڕتر دەکەینەوە".
لە رێی واژووکردنی رێککەوتننامەی ئاشتی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، ناوچەکەمان دەچێتە ئاستێکی زۆر خۆشگوزەرانترەوە. لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤی برام لە هەماهەنگییەکی تەواودا ئەم قۆناغی دیالۆگە بەڕێوەدەبەین. پێموایە کە پشت بە خوا لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم پەیوەندییانە دەگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی. بەم شێوەیەش بە رێز و شکۆوە سەدەمین ساڵیادی لەدایکبوونی رابەری ئازەربایجان، حەیدەر عەلیێڤ پیرۆز دەکەم کە دروشمی 'دوو دەوڵەت و یەک گەل'ی بۆ ئێمە بەجێهێشت".