Mazın Asad
30 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2016
ئیستانبوڵ
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی بەزاندنی کایەی ئاسمانی تورکیا لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگی رووسیاوە گوتی: "ئەگەر رووسیا بەردەوام بێت لە بەزاندنی کایەی ئاسمانی تورکیا، ئەوە دەبێت چاوەڕێی ئەنجامەکەشی بێت".
ئەردۆغان پێش سەردانەکەی بۆ وڵاتی شیلی، لە فڕۆکەخانەی ئاتاتورک چەند روونکردنەوەیەکی گرنگی دا.
لەبارەی بەزاندنی کایەی ئاسمانی تورکیا لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگی رووسیا، سەرکۆماری تورکیا گوتی: "سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی بە زمانی ئینگلیزی و رووسی فڕۆکە رووسییەکە کایەی ئاسمانی تورکیا بەزاند و بەھۆیەوە رووسیا دەیەوێت قەیرانی ناوچەکە قووڵتر بکات. ھاوکات ئەو کایەی ئاسمانییەی پیشێل کراوە، کایەی ئاسمانی ناتۆشە، بەھۆیەوە ناتۆش چاودێری بابەتەکە دەکات. پێش ئێمە ناتۆ ئاگاداری ئەم رەوشە بوو. ئەگەر رووسیا بەردەوام بێت لە بەزاندنی سەروەری کایەی ئاسمانی تورکیا، ئەوە دەبێت چاوەڕێی ئەنجامەکەشی بێت".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش دا کە باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە بانگھێشتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کراوە و ھەروەھا گوتی: "ئەم ھەنگاوانە نە سوودی بۆ رووسیا و پەیوەندی ناتۆ-رووسیا و نە سوودیشی بۆ ناوچەکە و ئاشتی جیھان ھەیە. بەپێچەوانەوە زیانی جدی دێنێتە ئاراوە. لەوبارەیەوە دوێنێ ئێوارە باڵیۆزی رووسیا بانگھێشتی وەزارەتی دەرەوەی کراوە بەڕاشکاوی باسی بابەتە کرا و بەتوندی ئیدانەی رووداوەکە کراوە. ھاوکات بە راوێژکاری کاروباری دەرەوەی خۆمم راگەیاندووە کە پەیوەندی بە لایەنی رووسیاوە بکەن و بڵێ "دەمەوێت لەگەڵ بەڕێز پوتین کۆ ببمەوە" داواکارییەکە پێشکەش کراوە، بەڵام ھێشتا وەڵام نەدراوەتەوە".
لەبارەی ھێرشەکانی ئاسمانی رووسیا بۆ سەر خەڵکی سڤیل، ئەردۆغان گوتی: "ئەو ھاووڵاتی سڤیلانەی لە ناوچەکانی نزیک سنوورەکانمان لە سووریا دەکرێتە ئامانج نیگەرانی لای ئێمە دروست کردووە. ئۆپەراسیۆنەکانی رووسیا لە ناوچەکە ھیچ پەیوەندییەکی بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نییە و بەتەواوی ھەوڵی مانەوەی رژێمی سووریایە لە دەسەڵات. ئەم ھێرشانە لە نزیک و دوورەوە پەیوەندی بە داعشەوە نییە. لەو ھێرشانەدا ھیچ ھەنگاوێک بۆ سەر بنکەکانی داعش لەئارادا نییە".
سەرکۆماری تورکیا لە درێژەدا ئاماژەی بە ھێرشەکانی رووسیا بەرامبەر بە تورکمانەکانی سووریا کرد و ھەروەھا گوتی: "بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکووری لازقییە و بەتایبەتیش بۆردومانکردنی تورکمانەکانی سووریا لە ناوچەکە جێی باسە. بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم کە بەرامبەر بەم پیشێلکارییە ھۆشیار بێت. ئەمڕۆ ئەوانەی چاویان بەرامبەر ستەمکارییەکانی سووریا دادەخەن، مافی دەربڕینی ناڕەزاییان لە ئەنجامەکەی نابێت. لە ناوچەکە درێژە بە بۆردومانکردنی گوندە تورکمان نشینەکان دەکرێت. لە ئێستادا نزیکەی سێ ھەزار کەس بە تورکیا تێدەپەڕێت و لەم بارەیەوە پلانمان داڕشتووە و لە شوێنێک نیشتەجێ دەکرێن. ھاوکات لەوبارەیەوە رێوشوێنی پێویستمان گرتووەتەبەر. بۆیە جێگری سەرۆکوەزیران، یاڵچن ئاکدۆغان ئێستا لەگەڵ تیمی ئافاد لە ئامادەکارییە بۆ ئەوەی میوانداریی پەنابەران لە کەمپەکان بکەن".
ئەردۆغان لەبارەی دانوستانەکانی جنێڤ 3 گوتی: "سەرەتا ھەڵوێستی تورکیا بەرامبەر رێکخراوەکانی تیرۆریستی و دانیشتن لەسەر مێزێک بۆ کۆبوونەوەکانی ئاشتی روونە. پەیەدە رێکخراوێکی تیرۆریستییە و ئێمە لەم بارەیەوە چەندین جار بە لایەنەکانمان گوتووە. ئێمە لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی باسی چی دەکەین؟ ئەگەر ئێمە لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی تاوتوێ بکەین ئەوکات ئەوانەی ئەم پێشنیارەیان کردووە با لەگەڵ داعش لە مێزێک کۆ ببنەوە. ئایا لەگەڵ داعش کۆ دەبنەوە، ئەمە بەشتێکی ئاسایی دەبینن؟ نابینن. چۆن ئەوە ئاسایی نییە، بەھەمان شێوەیە کۆبوونەوە لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی ھەرگیز مومکین نابێت".