Mehmet Yusuf Melikoğlu
14 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2023
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: ''چاوەڕوانین لە وەبەرهێنەرانمان هەم گرنگیی بە شوێنکار و کارگە و ئیشەکانیان بدەن، هەمیش بە هەموو توانایانەوە کار بکەن بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیامێکیدا بۆ ٢٦مین لووتکەی ئابووریی ئەوراسیا کە لەلایەن دامەزراوەی گرووپی ماڕماڕا سازکراوە، هیوای خواست لووتکەکە ببێتە مایەی خێر و باسی لەوە کرد، وەک گەل بە سەردەمێکدا تێدەپەڕن کە گەورەترین کارەساتی مێژووی مرۆڤایەتی وڵاتەکەیانی هەژاندووە و گوتی:
''لە شەشی شوباتدا، دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی ٧،٧ و ٧،٦ پلە قەهرەمانمەڕەش-یان هەژاند و راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ١١ پارێزگا و ١٤ ملیۆن هاووڵاتییمان دروست کرد. ئەم بوومەلەرزانە کە بەهۆیانەوە زیاتر لە ٤٨ هەزار هاووڵاتییمان گیانیان لەدەست دا برینێکی گەورەی لە ئابووریی وڵاتەکەمان دروست کرد. بە پشتیوانی جیهانیی کارمان بەردەوامین لەو بەهاوەچوون و پێشکەشکردنی کۆمەک و هاوکاریانەی لە بوارە جیاوازەکاندا لە یەکەم ساتەوەختی بوومەلەرزەکەوە دەستمان پێ کردووە''.
سەرکۆماری تورکیا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئامانجیان ئەوەیە لە ماوەی یەک ساڵدا سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ژێرخان و سەرخان لەو شارانەدا ئەنجام بدەن کە زیانیان بەرکەوتووە، بۆ ئەمەیش دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت و جیهانی کار و ئەرکی زۆر گرنگ و بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆ.
سەرکۆمار ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا، هەروەها رایگەیاند: ''چاوەڕوانین لە وەبەرهێنەرانمان هەم گرنگیی بە شوێنکار و کارگە و ئیشەکانیان بدەن، هەمیش بە هەموو توانایانەوە کار بکەن بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکان. لەو باوەڕەدام کە وەک دەوڵەت و گەل دەست لەناو دەست بە ئارەقەی ناوچاوانمان لەم تاقیکردنەوە سەختەدا دەردەچین. سوپاسی یەکبەیەکتان دەکەم کە هاوکاربوون لە رەخساندنی هەلی کار لە تورکیا و هەناردە و گەشەپێدان و بەرهەمهێناندا. هیوای خوازم لووتکەکەتان سەرکەوتوو بێت''.