Abdullah Shukur
13 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2018
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "لەدەستپێکی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتونەوە تا ئێستا، سێ ھەزارو ٤٠٠ تیرۆریست لە چالاکی خراون".
ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردنی لە پرۆگرامی "خەڵاتی چوارەمی نێودەوڵەتی بۆ چاکەکان" کە لە ناوەندی کۆنگرە و رۆشنبیری نەتەوەیی لە بەشتەپەی شاری ئەنقەرە بەڕێوەچوو، وتارێکی بۆ موفتییەکانی ھەر ٨١ پارێزگاکەی تورکیا پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "خەریکە دەچینە نێو عەفرینەوە، شتێکی ئەوتۆ نەماوە بەڵام ئێمە بۆ داگیرکاری ناچینە ئەو شوێنە. ئێمە دەچینە عەفرین بۆ ئەوەی ئەوێ رادەستی خاوەنە راستەقینەی بکەینە".
ئەردۆغان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون گوتی: "لەم چەند رۆژەی دواییدا چەند دیمەنێک دەبینین لە عەفرین کە بەدەرە لە مرۆڤایەتیی. ھاووڵاتییان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکار دەھێنرێن. بەو فێڵ و تەڵاکانەی کە دایان ناوە منداڵان بە کوشتن دەدەن. ئێمە ھیچ کاتێک ھاووڵاتیانی سڤیلمان نەکردووەتە ئامانج. ئەگەر ئەو کارەمان کردبا زۆر لە زووەوە عەفرین کۆنترۆڵ کرابوو".
ئەردۆغان گوتیشی: "رووی راستی ئەو تیرۆریستە دڕندانەی کە لە لایەن راگەیاندنەکانی ئەورووپاوە دەخرێنەڕوو، ئاشکرا دەبێت. سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد لەگەڵ ئازادکردنی ھەر ناوچەیەک لە دەستی ئەو تیرۆریستانە، لە ھەمان کاتدا داھاتووی خەڵکی ناوچەکەش رزگار دەکەن".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی عەفرین و منبج و باکووری سووریا کۆنترۆڵ دەکەن و لەمبارەیەوە گوتی: "بێ ئەوەی مرۆڤایەتی و دادپەروەری فەرامۆش بکەین، بێ ئەوەی گوێ بدەینە ئەو پروپاگاندە رەشەی لەبارەی ئێمەوە ئەنجام دەدرێت، عەفرین و منبج و باکووری سووریا لەم کۆمەڵە بکوژە پاکدەکەینەوە".
ئەردۆغان گوتیشی: "ئەوان ھەوڵدەدەن لەسەر خوێن و فرمێسکی ستەملێکراوان خۆیان قەڵەو بکەن. ئێمەش ھەوڵ دەدەین لە سووریاوە تا عێراق رووی مرۆڤایەتی سپی بکەین".
لەبارەی ئەوانەی کە هەوڵ دەدەن رێکخراوە تیرۆریستییەکانی فەتۆ، داعش و بۆکۆحەرام وەک نوێنەری ئیسلام نیشان بدەن، سەرکۆماری تورکیا گوتی: "ئەوان ھەوڵدەدەن بە زۆر ئەوە نیشان بدەن کە فەتۆ، داعش و بۆکۆحەرام نوێنەرایەتی ئیسلام دەکەن. ئەم دوو رێکخراوە وەک فیتنە خراونەتە نێو موسڵمانان".
لەبارەی رۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە روونکردنەوەی ئایینی ئیسلام ئەردۆغان گوتی: "لە سەردەمێکدا کە لەلایەک دوژمنایەتی بەرامبەر ئایینەکەمان زیادیکردووە، و لەلایەکی دیکەش خۆشەویستی بەرامبەر موسڵمانان و ئیسلام بوونی ھەیە، پێویستە مامۆستایانی ئایینی ھەستیار بن لە روونکردنەوەی ئایین".
ئەردۆغان گوتیشی: "نابێت رێگە بدەین، حەسەن سەباغە نوێیەکانی سەردەم بە بۆچوونە لارەکانی خۆیان رۆڵەکانمان بکەنە حەشاشییەکانی ئەم سەردەمە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە درێژەی وتارەکەیدا لەبارەی دوژمنانی ئیسلام گوتی: "کەسانێک دەیانەوێت بە شوێنکەوتوانی ئایینەکەی خۆمان لێمان بدەن. ئەو دوژمنەی کە زۆر بە ئەستەم ھەستی پێ دەکرێت، ئەو دوژمنەیە کە وەک ئێمە قسە دەکات و جل و بەرگ دەپۆشێت".