Zana Natık Kerem
24 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2019
ئەنقەرە ــ AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند کە ئەو بەھیچ شێوەیەک ئامادە نییە چاوی بە سەرۆکی میسر، عەبدولفەتاح سیسی بکەوێت و لەگەڵیدا کۆببێتەوە.
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری لە پرۆگرامی ھاوبەشی کەناڵی CNN تورک و کەناڵ Dی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی بۆچی لەگەڵ سەرۆکی میسر، عەبدولفەتاح سیسی کۆنابێتەوە؟ رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "وەڵامم بۆ ئەوانەی دەپرسن بۆچی لەگەڵ سیسی کۆنابمەوە، 'ئەوا پێان دەڵێم بەھیچ شێوەیەک لەگەڵ کەسێکی وەک ئەو، کۆنابمەوە' ".
سەرکۆماری تورکیا گوتی: "پێش ھەموو شتێک، پێویستە لەسەری سەرجەم بەندکراوە سیاسییەکان لە گرتووخانەکان بە لێبوردنی گشتی ئازاد بکات، تا ئەو بەندکراوانە ئازاد نەکات، ناتوانم چاوم بە سیسی بکەوێت و لەگەڵیدا کۆببمەوە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان روونیکردەوە "لەو کاتەی کە عەبدولفەتاح سیسی دەسەڵاتی لە میسر گرتووەتە دەست، تا ئێستا ٤٢ کەس لەو وڵاتە لەسێدارەدراون کە دواینیان، نۆ گەنج بوون و ئەمەش بەھیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نییە".