Yılmaz Öztürk
10 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2020
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداریی لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی ٨٢هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا، مستەفا کەمال ئەتاتورک کرد.
رێوڕەسمەکە کە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر گڵکۆی ئەتاتورک بەڕێوەچوو، کە ئەندامانی کابینەی سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی ئییی پارتی، مەڕال ئاکشنەر، سەرۆکی دامەزراوەکانی باڵای دادوەری، فەرماندەکانی سوپا، نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی لایەنە پەیوەندارەکان بەشداییان تیایدا کرد.
سەرکۆمار ئەردۆغان تاجە گوڵینەیەکی لە گوڵی سوور و سپی لەسەر شێوەی ئاڵای تورکیا لەسەر گڵکۆی ئەتاتورک دانا.
هەروەها لە کاتژمێر ٩:٠٥ ئەو ساتەی کە ٨٢ ساڵ بەر لە ئێستا ئەتاتورک تیایدا کۆچی دوایی کرد، خولەکێک بەبێ دەنگی وەستا و دواتر مارشی نیشتمانی لێدرا.
ئەردۆغان لەسەر پەراوی بیرەوەری تایبەت لەسەر گڵکۆکەدا لە نووسینێکدا نزای لێخۆشبوونی بۆ دامەزرێنەری کۆمار و سەرکردەی جەنگی سەربەخۆیی، مستەفا کەمال ئەتاتورک کرد.
دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمەکە، دەرگاکانی گڵکۆی ئەتاتورک بەرووی سەردانکارانیدا کرایەوە.
جێی ئاماژەیە، ساڵانە لە ١٠ی تشرینی دووەم بە شکۆوە یادی کۆچی دوایی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا، مستەفا کەمال ئەتاتورک دەکرێتەوە و لە کاتژمێر ٩:٠٥ لە سەرتاسەری تورکیادا بۆ ماوەی یەک خولەک جوڵە دەوەستێنرێت.
مستەفا کەمال ئەتاتورک لە ١٩ی ئایاری ١٨٨١ لە شاری سیلانیک رۆژهەڵاتی یۆنان لەدایک بووە و لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٣٨ لە ئیستانبوڵ کۆچی دوایی کرد.
ئەتاتورک بە دامەزرێنەری ئاژانسی ئانادۆڵو لە ٦ی نیسانی ١٩٢٠ دادەنرێت.