Seval Ocak Adıyaman
19 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2022
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەربارەی تەقینەوەی کانە خەڵووزەکەی ئاماسرا رایگەیاند: ''وەک هەموو کانە خەڵووزەکانمان، لێرەشدا ساڵانە لانیکەم چوار جار چاودێری دەکرێت و کەموکوڕیەکان دیاریی دەکرێن و ئاگاداری دەدرێت لە بارەیانەوە، ئەگەر پێویست بکات سزا جێبەجێ دەکرێت، ئەگەر سەرەڕای ئەوانەش رووداوێک رووبدات، ئەوا ئەرکی ئێمەیە لە پاش و پێشی هۆکارەکەی بکۆڵینەوە، بیدۆزینەوە و ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی بدەین''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا باسی لەوە کرد کە رووداوە دڵتەزێنەکەی رۆژی هەیینی کانە خەڵووزەکەی ئاماسرا دڵی هەمووانی راچڵەکان.
ئەردۆغان باسی لە پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی تەقینەوەی کانە خەڵووزەکە کرد و گوتی: ''تا ئەو کاتەی راپۆرتی کۆتایی دەردەچێت لەبارەی تەقینەوەکە، هەرچییەک دەگوترێت دەنگۆیە. ئەوەی دەکەوێتە سەر شانی ئێمە ئەنجامدانی ئەو کارانەیە کە پێماندەکرێت تا ئەو کاتەی ئەو راپۆرتە دەخرێتە بەردەممان''.
گوتیشی: ''بەزەیی بۆ ئەوانە نییە کە کەمتەرخەم بوون لە کارەساتی کانە خەڵووزەکەی بارتن-دا''.
سەرکۆماری تورکیا هەروەها ئاماژەی بە وردی لێکۆڵینەوەکە و چاودێریکردنی پرۆسەی بەدواداچوونەکان کرد و رایگەیاند: ''رووداوەکەی ئاماسرا لەلایەن هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە چاودێری دەکرێت، دڵنیایی دەدرێت لەوەی هیچ بابەتێک ناڕوون و هیچ کەمتەرخەمێکیش بێ سزا نامێنێتەوە''.
ئەردۆغان لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، باسی لەو کەمپینانە کرد کە درۆ بڵاودەکەنەوە لە وڵاتەکەیدا و رایگەیاند: ''ئەو کەمپینانەی درۆ و قسەهەڵبەستن کە بەرژەوەندی وڵاتەکەمان، هەموو جۆرە بەهایەکی گەلەکەمان و هەموو شتێکی خەڵکەکەمان دەکەنە ئامانج، پەلاماری تیرۆریستیین''.
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان بانگی لە سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو کرد و گوتی: ''مادام لەخۆت رادەبینی لە هەڵبژاردندا رووبەڕووم ببەرەوە''.