وان
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە شاری وان پەیامی برایەتی ئاراستەی خەڵک کرد و گوتی: "ئێمە قسە ناکەین، بە دوای ئایدئۆلۆژیای وشک ناکەوین و سیاسەتی پشێوی نانەوەمان نەگەرەکە، دۆزی ئێمە، فیکری ئێمە، ئایدۆلۆژیای ئێمە خزمەتکردنە، وا فێر بووین بە یەک چاو سەیری ھەمووی پێکھاتە ئاینی و ئەتنیکییەکانی تورکیا بکەین، جیاوازیی ئێمە ئەوەیە باوەشمان بۆ ھەمووان کردووەتەوە، ئێمە حیزبێ نین لە سەر بنەمای ئەتنیکی سیاسەت بکەین."
ئەردۆغان جەختیکردەوە ئاکپارتی، حیزبێکی سەرانسەری تورکیایەو لەوبارەیەوە گوتی: "حکومەتی ئێمە خزمەتکاری ٧٦میلۆن کەسە. ئاوات و داواکاری گشتی ئێمە خۆشکردنی دڵی ٧٦ ملیۆن کەسە لە سەرانسەری تورکیادا، جیاوازی ئێمە لەگەڵ پارت و حکومەتەکانی دیکە ھەر ئەمەیە، سودمان لە رابردوو وەرگرت، بۆیە بووژاندنەوە و تەبایی لە تورکیا شان بەشانی یەکتر بەرەو پێشەوە دەڕۆن، لە شوێنێک کە تەبایی و ئارامی تێیادا نەبێ، پێشکەوتن و بووژانەوە نابێ. ئێمە یازدە ساڵە ھەوڵمانداوە بووژاندنەوە و تەبایی شان بەشانی یەکتر دابین بکەین."
لەبارەی ئابووریی تورکیا ئەردۆغان گوتی: "ئێمە دیموکراسییمان نەکردە قوربانی ئابووریی، سوپاس بۆ خوا سەرباری ھەموو ئەو پیلان و بۆسانەی بۆمان دانرابوون، بە ھاوکاریی و دۆعای خێری خەڵک، ھەنگاوی زۆر باشمان نا و دڵی خەڵکمان خۆشکرد، برینی رابردوومان دەرمانکرد، بە ھۆی ئەو گۆڕانکارییانە تورکیا بوو بە وڵاتێکی بەھێز و خاوەن دیموکراسییەتێکی جیھانی، ئێمە بە گفتوگۆ لە سەر رابردووی وڵات داھاتوومان تاریکنەکرد، بە ھۆی بەباچوونی ئاواتەکانمان لە رابردوو گەشبینی خۆمانمان بە داھاتوو لە دەستنەدا، کەڵکمان لە ئەزموونی رابردوو وەرگرت و پێکەوە ھەوڵ بۆ دابین کردنی داھاتوویەکی گەش دەدەین."
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا ئەردۆغان گوتی: "چی جۆرە کێشەیەک ھەبێ بە دانیشتن و گفتوگۆ چارەسەری دەکەین. چەک، بۆمب و توندوتیژیی، رێگەی دیموکراسی نین، ناچار کردنی کاسبکار و دوکانداران بۆ داخستنی دوکانەکانیان، تێکۆشان نین بۆ ئازادی. چی دەزانین با دابنیشین و بە گفتوگۆ کێشەکانمان چارەسەر بکەین. ھەر چوار ساڵ جارێک ھەڵبژاردنی گشتی و ھەر پێنج ساڵ جارێک ھەڵبژاردنی شارەوانی دەکرێ، با پێکەوە بە ئیرادەی ئازادی خۆمان بڕیاری خۆمان لە سەر سندوق بدەین."