Seval Ocak
15 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2023
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "ھەمیشە بەردەوام دەبین لە پوچەڵکردنەوەی ئاواتی ئەوانەی دراوسێکانمان لە دژ ھاندەدەن، پەکەکە دەنێرنە سەرمان و بە فێل فەتۆ دەخزێننە ناومان" .
لە میانی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەبارەت بە جەنگی ئیسرائیل-فەڵەستین، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئیسرائیل ستراتیجی لەناوبردنی تەواوی شارێک بە خەڵکەکەی ناویەوە جێبەجێ دەکات. بە دڵێکی ئارام و بە ئاشکرا دەڵێم کە ئیسرائیل دەوڵەتێکی تیرۆرە".
ڕاشیگەیاند: "بانگ لە ناتانیاهو دەکەم، تۆ بۆمبی ئەتۆمیت هەیە و بەوە هەڕەشە دەکەیت. خاوەنی هەرچییەک بیت هەر دەڕۆیت".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە هێرش و پەلامارەکانی ئیسرائیل کرد بۆ سەر کەرتی غەززەی گەمارۆدرا و ڕایگەیاند: "ئەگەر ئیسرائیل بەم شێوەیە بەردەوام بێت لەسەر کۆمەڵکوژییەکانی، ئەوا لە هەموو شوێنێکی جیهان ناوی تۆمار دەکات کە دەوڵەتێکی تیرۆریستیی نەفرەت لێکراوە".
گوتیشی: "لەبەرئەوەی کەسانێک پێیانناخۆشە، هەرگیز سڵ ناکەینەوە لە باس کردنی ڕاستیی ئەوەی کە ئەندامانی حەماس بەرگرییکارانێکن هەوڵ دەدەن بۆ پاراستنی نیشتمان و گیانیان".
سەرکۆمار ئەردۆغان، باسی لەوە کرد پەیوەنديی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتانە ئەنجام دەدەن کە دەنگیان نەدا بەبڕیاری کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی غەززە کە بە ١٢١ دەنگی بەڵێ پەسەندکرا.
سەبارەت بە کۆمەک و هاوکارییە مرۆییەکانی تورکیا بۆ غەززە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لەکاتێکدا لە پلانی دووقۆڵیدا هەموو جۆرە پشتیوانیەکی مرۆیی دیارو نادیار پێشکەش بەفەڵەستین دەکەین، لەگۆڕەپانی نێودەوڵەتیشدا بەردەوام دەبین لە گۆشەگیرکردنی ئیسرائیل".
گوتیشی: "ھەنگاوگەلێک دەگرینەبەر بۆ دەستەبەرکردنی دادگایی کردنی سەرکردە سیاسی و سەربازی ئیسرائیل لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا کە دڕەندانە گەلی ستەملێکراوی غەززە دەکوژن".
سەبارەت بە سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، ئۆزگور ئۆزەل، ئەردۆغان ڕایگەیاند: "دیار نییە ئەوەی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی گشتیی جەهەپە دانیشتووە بەڕاستی سەرۆکی گشتییە یان ئەمانەتچی. ئەو ئەفەندیانەی ئەویان لەوێدا داناوە هەنگاوی دواتریان نادیارە".
هەروەها سەبارەت بە مشومڕەکانی ناو جەهەپە، ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەوە پرسی ئێمە نییە لە جەهەپە و هاوپەیمانی حەوتیدا کێ خەنجەری لە کێ داوە. ئەوەی گرنگە ڕێگری بکرێت لەوەی ئەم کەسە بێتوانا خۆپەرستانە خەنجەر لە گەل نەدەن".
لە بارەی هەڵوێستی جەهەپە بەرامبەر هەمواری دەستووری تورکیا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند : "جەهەپە داواکاری پێشکەش بەدادگای دەستووری کردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەمواری دەستوور کە مافی داواکاری تاکەکەسی لەخۆدەگرێت. جەهەپە هیچ قسەیەکی نیيە لەبارەی داواکاری تاکەکەسی بیکات".
لە هەمبەر هەڵوێستی جەهەپە دەرهەق بە بڕیارێکی دادگای باڵا و دادگای دەستووری تورکیا، ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ناوزەندکردنی جیاوازی ئیجتیهاد بە 'کودەتا' کە لە نێوان دوو دەزگای دادگای باڵادا سەریهەڵدا، شەرمەزارییەکی دیکەیە".
گوتیشی: "ئەگەر ئەمڕۆ لە تورکیادا کودەتایەک ڕوویبدایە، ئەوا جەهەپە خێرا دەچووە ڕیزی کودەتاچییەکانەوە. تەنانەت ئەم پێوەرە بە تەنیا بەسە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی مەسەلەکە چییە".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەیشی خستەڕوو کە پەرلەمان شوێنی کردە و نمایش نییە، مەرجەعی بەرهەمهێنانی چارەسەرە بۆ پرسەکانی وڵات و گوتی: ''پێم وایە تەنیا لەگەڵ ئەو پارتانەی خوازیاری هاوکاری کردنن ڕێگاچارە دەدۆزینەوە".
هەر سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای دەستوور و دادگای باڵا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "چارەسەری بەپەلەی کێشەکە بەئەنجامدانی هەمواری خێرای دەستووری و یاساییدا تێدەپەڕێت، چارەسەری درێژخایەنیش بەدەستوری نوێ و مەدەنیدا".