Sangar Hamad Azeez
06 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 07 نیسان 2017
ئیستانبوڵ - AA
لە میانی بەرنامەیەکی تایبەت دا لە کەناڵ ٧ی تورکیا، سەرکۆماری ئەم وڵاتە رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە هیوادارە روونکردنەوەکانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە سووریا تەنیا گوتە نەبن.
ئەردۆغان گوتی: "سوپاسی دەکەم بەڵام تەنیا قسە نەبێت. ئەگەر ئەم راستییە بخرێتە واری جێبەجێ کردنەوە، ئەوا ئێمە وەک تورکیا چیمان لەسەر بێت ئامادەین بیکەین. ئێمە هەرگیز شەرم لەمە ناکەین، هەرکەسێک بێت شەرمی لێناکەین، با ئێمە و ئەمریکا و گشت هێزەکانی هاوپەیمانان پێکەوە کۆبینەوە. من لەگەڵ بەڕێز پوتین قسەم کرد بەڵام تائێستا لەپشت ئەم کارەوە ئەسەد هەیە یان نا؟ ئەگەر دوو رۆژە، سێ رۆژە، تائێستا تێنەگات، ئەوا بۆ ئێمەش ناخۆشە. دەبێت بەخێڕایی ئەمانە تێپەڕ بکەین، دەبێت بڕیار بدەین، کێ دوژمنە، کێ ڤایرۆسی ناوچەکەیە، تکایە با ئیتر لەمە تێبگەین، بەو چەشنە هەنگاوەکانمان بنێین".
- ئەو تاوانانە بەردەوام دەبن
سەرکۆماری تورکیا، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە سەبارەت بە بابەتەکە لەمەوپێش بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکای راگەیاندووە و لەم بارەیەوە گوتی: "من پێشتر لەکاتی هاتنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ تورکیا پێمگوت 'ئێوە هێشتا لەسووریا نین. رووسیا لە سووریایە. ئێوە بەو چەشنە لە سووریا هەن، ئێوە کە چەک و تەقەمەنی دەدەنە پەیەدە و یەپەگە و ئەوچەشنە یارمەتیانە دەدەن، بەو چەشنە هەن. ئەگەر ئەمە بەو شێوازە بەردەوام بێت، کوشتار و تیرۆر درێژەی دەبێت. چونکە هزرێکی لەو چەشنە هەیە. دەبێت سەرەتا ئەمریکا ئەمە بگۆڕێت. واتە رێکخراوێکی تیرۆریستی بە رێکخراوێکی دیکەی تیرۆریستی لەناو دەبەیت، مادام دەستمان لەگەرمەوە ساردەبێتەوە، ئەمە نابێت".
- با بەیەکەوە ئەنجامی بدەین بەڵام با منبچ رادەستی خاوەنەکانی بکەینەوە
سەبارەت بە پرسیارێک لەبارەی ئامانجی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات ئەردۆغان گوتی: "لەوێ لەگەڵ سوپای سووریای ئازاد ئەلباب چارەسەر کرا. ئێستا بەرەو باشووری رۆژهەڵات، بەرەو منبج دەبێت بڕۆین، ئامانج ئەمەیە. ئێستا سەیر دەکەین لەو شوێنە لەهەوڵی ئەوەدان کە ئاڵا بشەکێننەوە. لەگەڵ بەڕێز ئۆبامادا ئەمەمان چارەسەر نەکرد. چونکە بەداخەوە ئۆباما لەهەوڵی پاراستنی پەیەدە و یەپەگە دا بوو، یارمەتی چەکی دان، چەکی زۆری بۆ رەوانە کردن. کێ چی دەڵێت بڵێت، بەڵگەمان بەدەستەوەیە. ئێستا ئێمە هەمان شتمان بە ئیدارەی ترەمپیش گوت، واتە 'ئێوە ناتوانن بۆمان بسلەمێنن'. ئەم بەڵگەیەمان پێیە. ئێوە یارمەتی چەکتان دایە رێکخراوی تیرۆریستی پەیەدە و یەپەگە، کاتێکیش ئەو یارمەتیانەتان پێ دەدان، هاوکات داعشیش قازانجی کرد، ئێستا نامانەوێت بکەوینە هەمان تەڵەوە. ئەگەر لەژێر ناوی یارمەتی مرۆییدا شتێک دەکەن، وەرن با پێکەوە بیکەین. رووسیاش دەخوازێت ئاڵا بشەکێنێتەوە. باشە با پێکەوە بیکەین بچینە منبج و بیدەینە خاوەنەکانی خۆیان. خاوەنی راستەقینەی منبج کێن؟ عەرەبەکانن، ئەوێ کوردی لێ نییە".
بە درێژایی ٩١١ کیلۆمەتر هەڕەشەمان لەسەر دەبێت
ئەردۆغان گوتیشی: "ئێمە ئەسەدمان خستە گۆشەیەکەوە. بۆچی؟ ئەوکات بەو شێوەیە نەبوو. ئیدی لە بەرامبەرمان ئەسەدێک هەیە کە دەوڵەتێکی تیرۆری هێناوەتە کایەوە. ئەمەش بۆ ٩١١ کیلۆمەتر سنوورە هاوبەشەی نێوانمان هەڕەشە دروست دەکات".
ئەردۆغان تیشکی خستە سەرئەوەی کە دەبێت تورکیا لەسەر چوار بنەما بەرز بکرێتەوە و گوتی: "کاتێک ھاتین ھەمیشە ئەمەم بە برادەران گوتووە کە پێویستە تورکیا لەسەر چوار بنەما بەرز بکەینەوە. ئەوانیش پەروەردە، تەندروستی، دادپەروەری و ئاسایش. دوای بەرزبوونەوەی تورکیا لەسەر ئەم چوار بنەمایە، ئەم کارە بە گەیاندن، وزە، خۆراک و کشتوکاڵ بەرەو پێش دەبەین. ئێمە لەو بوارەدا یەکەم ھەنگاومان نا. لە کەرتی پەروەردە سەرکەوتنمان بەدەستھێنا. بە چاکسازییە بەرچاوەکان لە کەرتی تەندروستیش سەرکەوتین. بە بیمەی تەندروستی و نەخۆشخانەی سەربە وەزارەتەکان، گشت ئەمانەمان بەیەکەوە لکاند. بەڕێوەبردن شتێکی دیکەیە".