ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغانی لە وتاری ھەفتانەی خۆیدا لە پەرلەمان باسی لە چەندین پرسی گرنگ و مێژوویی تایبەت بە یادکردنەوەی ١٠ی موحەرەم کرد.
سەرەتا ئەردۆغان باسی لە ڕووداوەکانی مێژووی تورکیا کرد و رایگەیاند، ڕووداوە دڵتەزێنەکانی دەرسیم و سیڤاس و قارەمان ماراش و چۆروم و ڕووداوەکەی گەڕەکی گازی نەیانتوانیوە برایەتیی ھەزار ساڵەمان لەناوبەرێ، ھەروەھا گوتی: ھەندێ تاقم و لایەنی ھاوشێوەی یەزید لەبەر ھەلپەرستی خۆیان بۆ بەدەستھێنانی دەسەڵات، ناتوانن نێوانی ئێمە تێکبدەن و فیتنە و دووبەرەکیمان لەناودا دروست بکەن.
ئەردۆغان بەشێکی وتەکانی تەرخان کرد بە ڕۆژی ١٠ ی موحەڕەم و ئاماژەی بەوەدا کە لە ئێستادا ھەندێ ریوایەت ھەن لەسەر ئەوەی، ھەموو رووداوەکانی مێژوو وەک قبوڵکردنی تۆبەی حەزرەتی ئادەم و ھاتنە دەرەوەی یوسف لە بیرەکە و لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا بەبێ باوک و پەڕینەوەی حەزرەتی موسا لە ناو دەریاکەدا، ھەموویان لە ١٠ی موحەڕەمدا بوون، بۆیە ئەو رۆژە تەنیا لە ئاینی ئیسلامدا نا بەڵکو لە لە ئاینی مەسیحی و موسەویشدا رۆژێکی گرنگە.
ئەردۆغان لەدرێژەدا باسی لەوە کرد یەکێکی تر لە یادگارییە ئازاربەخشەکانی ئەم ڕۆژە, رووداوی ئازاربەخشی شەھیدکردنی یەکێک لە نەوەکانی پێغەمبەرمانە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە کەربەلا، ئەویش حەزرەتی حوسێنە.
ئەردۆغان گوتی: "زۆر ھەڵە و ناحەقیەکیشە بەرامبەر یادگاریەکانی حەزرەتی حوسێن، کە لەسەر ڕووداوێک کە ١٣٧٤ ساڵ لەمەوپێش لە کەربەلا ڕوویداوە، تۆ بێیت و لەسەر ئەو ڕووداوە جەمسەرگیری دروست بکەیت و مرۆڤ بکوژیت و برا بەدەستی برا بکوژی."
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا ئەردۆغان ئاماژەی بەو کەس و گروپانە کرد کە بەناوی ئیسلام و مەزھەبێکی دیاریکراوەوە خوێنی مرۆڤ دەڕێژن و رایگەیاند: "ئەوانە نەک ھەر پەیوەندیان بە موسوڵمانان و سوننە یان شیعەوە نیە، بەڵکو پەیوەندیان بە مرۆڤیشەوە نییە و مرۆڤ نین."
ئەردۆغان لە کۆتایی وتارەکەیدا رایگەیاند "ئێمە ھیچ کاتێک وەک یەزید کە بۆ بەدەستھێنانی دەسەڵات برای بە دەستی برا بە کوشت دا ناکەین, بەڵکو لە روانگەی رێزمانەوە بۆ برایەتی وەک حوسێنیەک مامەڵە دەکەین. گوتیشی ھیوادارم ڕێگە بە یەزیدەکان نەدەن کە بۆ گەیشتن بە پلەو پۆستی دەسەڵات فیتنە و فەساد و دووبەرەکی لەنێوانماندا دروست بکەن.