A. Selimhan Dincer
07 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2019
بوداپێست- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاشکرایکرد کە پێویستە پرسی دووقۆڵیی نێوان تورکیا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، نەبێتە ھۆی بە بارمتەگرتنی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتییەکە و وڵاتەکەی.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ھەنگاریا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، ڤیکتۆر ئۆربان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سازکرد.
لەمیانی گوتەکانیدا ئەردۆغان رایگەیاند: "ھەڵوێستی ئەم دواییانەی یەکێتیی ئەورووپا بەرامبەر بە تورکیا دوورە لەوەی بنیاتنەرانە بێت. پێویستە پرسی دووقۆڵیی نێوان تورکیا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، نەبێتە ھۆی بە بارمتەگرتنی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتییەکە و تورکیا".
- "چوار ملیۆن پەنابەر لە وڵاتەکەمانن"
سەرکۆماری تورکیا تیشکی خستەسەر ئەوەی کە تورکیا میوانداری لە چوار ملیۆن پەنابەر کردووە و گوتی: "ژمارەیەکی زۆر لەمانە دەکرێت کۆچ بکەن بەتایبەت بۆ ئەورووپا. ئەو ھەنگاوەی ویستوومانە لە رێگەی ناوچەی دامەزراندنی ئارامەوە بیھاوێژین، بە ئاراستەی دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی پەنابەرەکانی لای ئێمەیە بۆ ماڵەکانیان و خاکی خۆیان".
- "لە ئێستادا لە گرتووخانەکاندا زیاتر لە ھەزار و ١٥٠ داعشی ھەن"
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاشکرایکرد کە خوشکی گەورەی بەغدادیی و ھاوسەرەکەیان قۆڵبەست کردووە و ئێستا لە زیندانن، ئەو گوتی: "١٣ کەسمان لە نزیکترین کەسەکانی دەوروبەری دەستگیرکردووە، ئەوانە ئێستا لای ئێمەن. لە ئێستادا لەسەر ئاستی جیھان وڵاتێکی دووەم نییە کە بەھێزتر لە تورکیا، کرداری دژی داعش ھەبێت".
ھەروەھا گوتی: "لە یەکەم ھەنگاودا نزیکەی سێ ھەزار چەکداری داعشمان لە ئەلباب لە چالاکی خست. ئێستا زیاتر ھەزار و ١٥٠ داعشی لە زیندانەکانی تورکیادا ھەن".
- "بۆچوونی تیرۆری باش و تیرۆری خراپ 'ھی من و ھی تۆ' نابێت"
ئەردۆغان رایگەیاند: "بەداخەوە ژمارەیەک لە ھاوبەشە ستراتیژییەکان لەگەڵ سەرکردەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی کۆبوونەوە و ھەماھەنگییان ھەیە. ئەمە مایەی دڵتەنگیی ئێمەیە". گوتیشی: "بۆچوونی تیرۆری باش و تیرۆری خراپ 'ھی من و ھی تۆ' نابێت. ئەگەر ئەم بەرەنگاربوونەوەیە ئەنجام بدەین ئەوا بە پێداگرییەوە دەیکەین".
ھەروەھا گوتی: "قەدەغەی ھاتنمان بۆ نێو تورکیا خستووەتە سەر ٧٦ ھەزار کەس لە ١٥١ وڵاتی جیاواز. لە نێو ئەمانە داعش و تیرۆریستانی دیکەش ھەن".
- "بەردەوام دەبین لە میواندارییکردنی میوانەکانمان"
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی پەنابەرە سوورییەکانی وڵاتەکەی دوا و رایگەیاند: "پشتیوانیی بکرێین یان نا، ئێمە لە میوانداریی کردنی میوانەکانمان (سوورییەکان) بەردەوام دەبین. ئەگەر زانیمان ئەم کارە ناچێتە سەر، ناچار دەبین دەروازەکان بکەینەوە".
- بابەتی سەردانیکردنی ئەمریکا
لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەسەروو ھەموو شتێکەوە و گرفتە ھەرێمایەتییەکان دەکەین. لە کۆبوونەوەکەدا باسی بابەتەکانی S-400، پاتریۆت و F-35 دەکرێت".
- "مەزڵوم کۆبانی جیاوازیی لەگەڵ بەغدادیی نییە"
ئەردۆغان لە درێژەی گوتەکانیدا لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە دوا و رایگەیاند: "تەنھا بە کوشتنی ئەوانەی سەرکردایەتیی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکەن، تیرۆر کۆتایی نایەت. ئەگەر بێت و نەتوانین پێویستییەکانی ھاوبەشیی ستراتیژیی بەجێبگەیەنین، ئەو تیرۆرەی ئەمڕۆ ئێمە دەکاتە ئامانج، سبەینێ لە وڵاتێکی دیکە دەدات".
ھەروەھا گوتی: "ھیچ جیاوازی نییە لە نێوان بەغدادیی و ئەو کەسەی ناوی مەزڵوم کۆبانییە. بەغدادیی چەند تیرۆریستێکی گرنگە، مەزڵوم کۆبانیش ئەوەندە".
- "S-400مان کڕی و ئەو کارە کۆتایی ھات"
سەرکۆماری تورکیا سەبارەت بە کڕینی سیستمی بەرگریی S-400 لە رووسیا لەلایەن وڵاتەکەیەوە، رایگەیاند: "S-400مان کڕی، ئەم کارە تەواوبووە، بەڵام ئەگەر ئەمریکا پاتریۆتمان بداتێ، لە حاڵەتی گونجاویی مەرجەکاندا، دەتوانین بیکڕین. ئەمەمان بۆ خۆشیان پێشنیارکردووە".