Sidar Can Eren
28 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2022
دێرسم - AA
لەگەڵ هاتنی بەهار و پشکووتنی گوڵە رەنگاوڕەنگەکان و کەوتنە جۆشی چەم و تاڤگەکان بە توانەی بەفر، سروشتنی دڵڕفێنی قەزای ئۆڤاجک لە پارێزگای دێرسم سەرنجڕاکێشتر دەبێت.
ئۆڤاجک کە بە زنجیرەیەک چیای سەخت دەوردراوە و هەزار و ٥٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، بەهۆی سروشتی دڵڕفێن و شوێنەوارە مێژووییەکانییەوە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی بیانی و ناخۆ رووی تێ دەکەن.
نزیکەی پێنج مانگ بەفر ئۆڤاجک سپیپۆش دەکات و لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمایش دۆڵ، مێرگ و گوندەکانی لاپاڵی چیاکان بە رەنگەکانی بەهار دەڕازێنەوە.
لەگەڵ توانەوەی بەفردا ناوچەکە سەوز دەپۆشێت و گوڵەکانی زەمبەق، سومبول، جوتیارۆک، گوڵەزافەران و نێرگز کێڵگەکان دەخەمڵێنن.

بە کاریگەری باران، بەفر و سەرچاوە ئاوییەکانی ژێرزەوی چەم و رووبار و تاڤگەکان دەکەونە جۆش و مژدەی هاتنی بەهار بە قەزاکە دەدەن و دروستبوونی گۆماوی سروشتی لە زۆر شوێن گوزارشت لە دڵڕفێنی ئەم وەرزەی ساڵ دەکەن.
ئەو سەردانیکەران بە گرووپ روو لە ناوچەکە دەکەن و دەچنە پارکی نیشتمانی دۆڵی مونزور، سەرچاوە ئاوییەکانی مونزور، کاراگۆل، دەریاچەکانی کاتر، تاڤگەکانی کرکمەردیوان و دەریاچەکانی بوزوڵ و لەو ناوچە گەشتیارانە وێنە دەچرکێنن.
موراد گوندوز یەکێکە لە گەشتیارەکان و بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەنێو سروشتدا هاتوونەتە ئۆڤاجک و گوتی: "بەهۆی سروشتە دڵڕفێنەکەی ئۆڤاجک، گەشتیاری زۆر بۆ خۆی کەمەندکێش دەکات. ساڵانێکە هەوڵ دەدەین وێنەی سروشتی دڵڕفێنی ئەو قەزایە بچرکێنم".
مامۆستا لە زانکۆی مونزور و ئارەزوومەندی چرکاندنی وێنەی فۆتۆگرافی، عومەر فاروق نارلی بە ئاماژەدان بەوەی کە دێرسم بە ژیانی کێوی و فرەیی گژوگیا دەوڵەمەندە، گوتی: "هاتووین وێنەیی ئۆڤاجک بچرکێنین و درۆن بەکاربهێننن بۆ ئەم مەبەستە. بەهۆی ئەوەی لە دۆخی ئاڵۆگۆڕی وەرزیدایە، جێکردنەوەی رەنگە جیاوازەکانی سروشت لە گۆشەیەکەوە ئەم قۆناغە زۆر گرنگە. زستانی ئەمساڵ زۆری خایاند، ئەمەیش بەسوودە بۆ ناوچەکە. چونکە ساڵانی رابردوو ئاستی ئاو زۆر کەم ببووەوە. بارانی بارین لانیکەم بووە هۆی هاوسەنگکردنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان".
دانیشتووی ناوچەکە، عەلی خدر چەلیک بە ئاماژەدان بەوەی کە لەگەڵ هاوڕێکانیدا چوونەتە ژمارەیەک خاڵ، گوتی: "ئۆڤاجک یەکێکە لە ناوچە هەرە دڵڕفێنەکانی دێرسم. بە توانەی بەفر جوانترین رەنگەکانی سروشت ئێرە دەڕازێننەوە. چەندین جۆر رووەکی ئەندامی لە ئۆڤاجک هەن. بە تایبەت لەگەڵ هاتنی بەهاردا گوڵەکانی زەمبەق، سومبول، جوتیارۆک، گوڵەزافەران و نێرگز دەپشکووێن".
