Mohammed Baqi Hussein
13 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2017
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا، کە لەلایەن سوپای تورکیاوە لە باکووری سووریا بۆ سەر ئامانجەکانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان درێژەی ھەیە و پێی ناوەتە ١٤٣ـەمین رۆژیەوە، ١١٧ ئامانجی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەناوبران، لە ئەنجامی ھێرشی ئاسمانیی و وشکانییدا، ٤١ تیرۆریست کوژران.
لە راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا ئەوە وەبیرھێنراوەتەوە کە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٦دا و بەمەبەستی نەھێشتنی ھەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەسەرووی ھەموویانەوە داعش، بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی سەر سنوورەکانی تورکیا و پشتیوانییکردنی ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەستیپێکردووە بەردەوامە.
لە ڕۆژی ١٤٣یەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە پشتیوانیی ئاسمانی و وشکانیی سوپای تورکیا، بەردەوام بوون لە ھەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی سوفلانییە.
لەئەنجامی ھێرشەکاندا ١٧٧ ئامانجی داعش لەناوبران کە حەشارگە، عەمباری چەک و ئۆتۆمبێلی سەربازی لەخۆدەگرن.
ھەروەھا ھێزی ئاسمانیی تورکیا ھێرشی بۆ سەر ١٠ ئامانجی دیکەی داعش لە سوفلانیە و بزاعە ئەنجامدا و لە ئاکامدا چوار حەشارگە، چوار بینا و دوو ئوتومبێلی سەربازیی تەقێنراونەتەوە.
لە ئەنجامی ھێرشی ئاسمانیی و وشکانییدا، ٤١ تیرۆریستی داعش کوژران.
لەلایەکی دیکەوە ئەو تیمانەی کە پشتیوانیی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکەن، لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەشەوە تا ئێستا ٢ ھەزار و٩١٧ بۆمبی دەستکردیان پووچەڵکردووەتەوە و ٤٣ مینیان بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو، تەقاندووەتەوە.
- دیمەنی ئۆپەراسیۆنەکە بڵاوکرایەوە
ھاوکات سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای تورکیا، دیمەنی ھێرشە ئاسمانییەکانی سوفلانیە و بزاعەی بڵاوکردەوە.
لەدیمەنەکەدا لێدانی حەشارگە، ئوتومبێلی بۆمبڕێژکرا و خاڵەکانی پشکنینی داعش بەدی دەکریت.