Esat Fırat,Abdullah Shukur
23 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2019
قودس - AA
بە مەبەستی وەڵامدانەوەی ھۆکاری بۆردومانکردنی نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە چواری ئایار لە کەرتی غەززە، ئاژانسی ئانادۆڵو نووسراوێکی ئاراستەی سوپای ئیسرائیل کرد.
لەو نووسراوەی کە لە لایەن پارێزەرانی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ سوپای ئیسرائیل رەوانە کراوە، ئاماژە بەوە دراوە ئەو بینایەی کە نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵوی لەنێودابووە، بە مەبەستی نیشتەجێبوون و بازرگانی بەکارھاتووە و پرسیاری ھۆکاری بۆردومانکردنی ئەو بینایەش ئاراستەی سوپای ئیسرائیل کراوە.
ھەر لە نووسراوەکەدا پرسیاری ئەوەش ئاراستەی ئیسرائیل کراوە کە ئایا بەرلە بۆردومانەکە، سوپای ئیسرائیل ئاگاداری بوونی نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو بووە لەو بینایە یاخود نا.
ھاوکات پرسیاری ئەوەش ئاراستە کراوە کە ئایا لەو بینایەی ئاژانسی ئانادۆڵو ھیچ ھێرشێک کراوەتە سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل یاخود نا. لە پرسیارێکی دیکەدا ھاتووە "ئایا سوپای ئیسرائیل ئیرادەی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانەی ھەیە کە بە ھۆی بۆردومانکردن و رووخانی تەواوی بیناکە ھاتووەتە ئاراوە؟".
لە نووسراوەکەدا زیاتر ئاماژە بەوەشکراوە کە بە بۆردومانکردنی نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو وا نیشاندراوە کە ئاژانسی ئانادۆڵو وەک ئامانجێکە بۆ ئیسرائیل و بەم ھۆیەوەش ئەو دامەزراوەیە لە دۆزینەوەی نووسینگە لە کەرتی غەززە ئاستەنگی بۆ دروستبووە.
سوپای ئیسرائیل لە چواری ئایار بە پێنج مووشەک ھێرشی کردە سەر ئەو بینایەی کە نووسینگەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە کەرتی غەززە لە خۆدەگرێت و کە بە ھۆیەوە تەواوی بیناکە رووخا.