Sangar Hamad Azeez
20 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2018
ئەنقەرە -
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەران شەنۆڵ کازانجی رایگەیاند: " ئامادەکارییەکان بۆ گەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان لە ٢٤ی حوزەیران، بە خێراترین و راستگۆترین شێوەی کۆتایی هاتووە".
شەنۆڵ لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " ئانادۆڵو لە دواین شەش هەڵبژاردنەکانی رابردوودا، بە کەمترین ماوە دوای کۆتایی هاتنی دەنگدان بە دروستترین شێوەی ئەنجامەکانی گەیاندۆتە دەستی ئابوونەکانی بە شێوەیەک کە لە سەدا ١٠٠ی ئەنجامەکانمان دروست بوون".
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەیشی ئاشکراکرد کە ئامادەکارییەکانیان تەواوبووە بۆ ئەوەی لە ٢٤ حوزەیران، جارێکی دیکە ببنەوە پێشەنگ و سات بەسات رووماڵی هەڵبژاردنەکان بکەن.
ئاژانسی ئانادۆڵو کە بە خێراترین و دروستترین شێوە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و ریفراندۆم بڵاودەکاتەوە لە پاڵ ئەوەی میدیایەکی نیشتمانی و ناوخۆییە لە ھەمان کاتدا وەک دامەزراوەیەکی ھەواڵیی نێودەوڵەتی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و ٢٧ـەمین ھەڵبژاردنەکانی گشتیی پەرلەمانی تورکیا کە لە ٢٤ی حوزەیران بەڕێوەدەچن بە ١٣ زمان دەگەیەنێت بە ئابوونەکانی لەسەرتاسەری جیھان.
ئاژانسی ئانادۆڵو لە پاڵ زمانی تورکی، هەروەها بە زمانەکانی ئینگلیزی، بۆسنی، کرواتی، سربی، رووسی، کوردی، فارسی، فەڕەنسی، ئەلبانی، ئیندۆنێزی و ئیسپانی پەخش دەکات و ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران بەسەر ئابوونەکانیدا لە ھەموو جیھان دابەش دەکات.
ئاژانسی ئانادۆڵو کە لەگەڵ تیمێکی پرۆفیشناڵدا کاردەکات بۆ گەیاندنی ئەنجامەکانی سندوقەکانی ھەڵبژاردن بە رای گشتیی، تا ئەمڕۆ لەسەر شێوەی گرافیک ئەو ئەنجامانەی بە ئابوونەکانی گەیاندووە کە لەسەر سندوقەکانی دەنگدانەوە دەستیکەوتووە.
بە مەبەستی گەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان بە خێراترین شێوە، ئاژانسی ئانادۆڵو بە بەردەوامی ئەبدەیتی زانیاریەکان دەکاتەوە و تۆڕێکی پەیامنێرانی لەسەرتاسەری تورکیا دروستکردووە، بەمەیش ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لەسەر شێوەی نەخشە و گرافیک لە ماڵپەڕی "secim.aa.com.tr" بڵاو دەکاتەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو "داتابەیسی زانیاری کاندید"ی ئامادەکردووە کە وێنە و رابردووی کاندیدان لەخۆ دەگرێت، کاتێک ئەنجامەکان یەکلابوونەوە ئەو ناوانەی سەردەکەون لە داتابەیسەکەدا دەخرینەڕوو.
ئاژانسی ئانادۆڵو بە تیمێکی پرۆفیشناڵ کە لە ٨١ پارێزگای تورکیادا، کاردەکەن دواین زانیاری لەسەرشێوەی ھەواڵی بەپەلە دەگەیەنێت بە ئابوونەکانی. لە ماوەیەکی کەمیشدا ئەنجامە نافەرمیەکان بەسەر ئابوونەکانیدا لە ھەموو جیھان دابەش دەکات، بەو شێوەیەش بەسەرکەوتوویی ئەنجامی پێنج ھەڵبژاردنەکانی رابردووی گواستووەتەوە.
ھەروەھا ئەو ئەنجامە فەرمیانەی لە لایەن دەزگای باڵای ھەڵبژاردنەوە بڵاوکراونەتەوە ئەو ئەنجامانەی پشتڕاست کردووەتەوە کە ئاژانسی ئانادۆڵو بە رای گشتیی راگەیاندووە. ئەو زانیاریانەی ئاژانسەکە تا ئەمڕۆ لە ریفراندۆم و ھەڵبژاردنەکاندا بڵاویکردووەتەوە لەگەڵ زانیارییەکانی دەزگای باڵا ھەڵبژاردنەکان راست و دروست بوون .