Zafer Çakmak
01 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2018
ئەنقەرە - AA
لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن سوپای تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون کە کاتژمێر ١٧:٠٠ی رۆژی شەممە ٢٠ی کانوونی دووەم بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە سەرسنوورەکان و ناوچەکە و لەناوبردنی تیرۆریستانی پەکەکە/کەجەکە/پەیەدە-یەپەگە و داعش لە ناوچەی عەفرین و رزگارکردنی دانیشتوانی ناوچەکە لە ستەمی رێکخراوە تئرۆریستییەکان، دەستیپێکردووە دریژەی هەیە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە ئۆپەراسیۆنەکە لەچوارچێوەی ئەو مافانەی کە تورکیا لە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە سەرچاوە دەگرن و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتن بە بەگژداچوونەوەی تیرۆر و ماددەی ٥١ی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتە بە مافی بەرگریی لە خۆکردنی رەوا و بەلەبەرچاوگرتنی یەکپارچەیی خاکی سووریا، بەڕێوەدەچێت.
هەروەها جەخت لەوەکراوەتەوە لە پلاندان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەدا تەنها تیرۆریستان و حەشارگە، پەناگە و سەکۆ، چەک و ئۆتۆمبیلەکانیان دەکرێنە ئامانج و هەموو هەستیارییەک لە پێناو ئەوەی کەسانی سڤیل و بێتاوان نەپێکرێن و ژینگە زیانی بەرنەکەوێت، نیشاندەدرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتوندا لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکاندا، ١٨ پێگەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان خاپوورکراوە و ٧٨ چەکداری هەریەک لە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە/کەجەکە/پەیەدە-یەپەگە و داعش لە چالاکی خراون و بەوشێوەیەش٧٩٠ چەکدار لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە تا ئێستا لە چالاکی خراون.