Meltem Bulur,Muhammet Ali Kemal
17 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاشكرایکرد لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە تورکیا، ئێران و رووسیا بەر لەو لووتکەیەی بڕیارە سەبارەت بە سووریا لەنێوان هەرسێ وڵاتدا ٢٢ی ئەم مانگە لە سۆچی سازبکرێت، لە ئەنتاڵیا کۆدەبنەوە.
مەولود چاوشئۆغڵو لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی لوبنان، جبران باسیل کۆبوونەوە و دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان سازکرد.
چاوشئۆغڵو ئاشكرایکرد سەرکۆماری وڵاتەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەمەبەستی بەشدارییکردن لە لووتکەی سێ قۆڵی نێوان تورکیا، رووسیا و ئێراندا کە بڕیارە لە ٢٢ی تشرینی دووەمدا سازبکرێت، سەردانی سۆچی دەکات و گوتی:
''بەتایبەت ئەو قۆناغەی کە پێکەوە لەدوای حەلەب لەگەڵ رووسیادا دەستمانپێکرد، دواتر ئێرانیشمان هێنایە نێو پرۆسەکەوە و قۆناغێ ئاستانا دەستیپێکرد. لەدەستپێکی قۆناغی ئاستاناوە تا ئێستا، لەبابەتی سووریادا پێشهاتی گرنگ روویانداوە. لەرووی ئاگربەست، ناوچەکانی داماڵراو لە پێکدادان و ناوچەکانی کەمکردنەوەی گرژیی، پیشهاتی گرنگ بەدەستهاتوون و لەرووی مەیدانیشەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو ئاگربەست دەستەبەرکراوە. ئایا بێ بوونی چارەسەرێکی سیاسیی هەمیشەیی ئەو دەستەوتانەی تا ئەمڕۆ بەدەستهاتوون، تا چەندێکی دیکەی دەتوانرێت درێژەیان پێبدرێت؟ پێویستە لە قۆناغی دوای ئەمەدا زیاتر هەوڵەکانمان بۆ چارەسەری سیاسیی چڕبکەینەوە''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: ''رۆژی چوارشەممە کە دەکات ٢٢ی تشرینی دووەم لووتکەی سێ قۆڵی لە سۆچی ئەنجامدەدرێت. بەر لەو کۆبوونەوەیە، کاربەدەستانی باڵا و شارەزایان کۆدەبنەوە. بەهەمان شێوە لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا وەزیرانی دەرەوەی هەر سێ وڵات لە ئەنتاڵیا کۆدەبینەوە. پشت بەخوا دواتریش لووتکەکە ئەنجامدەدەین. سەرەتا تاوتوێی ئەوە دەکەین کە تا ئەمڕۆ چیمان کردووە و گەیشتووینەتە کوێ، دوای ئەوەش ئەو هەنگاوانە دەخەینە بەرباس کە دەتوانین لەمەودوا بیهاوێژین. ئایا چۆن دەتوانین سەقامگیریی و ئاشتی بهێنینەوە بۆ سووریا؟ چۆن دەتوانین ئاستانا و جنێڤ پێکەوە گرێبدەین و تەواوکاریی یەکتر بن؟ دەرفەتی ئەوەمان دەبێت کە سەرجەم ئەم بابەتانە تاوتوێبکەین. لەچوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی کە سەرکردەکان کردوویانە، ئێمە بەشێوەیەکی چڕ و پڕ کارەکانمان ئەنجامدەدەین''.