25 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2020
ئەنقەرە - AA
وەزيرى دەرەوەى توركيا مەولود چاوشئۆغڵو راگەیاند کە هاوبەشی تورکیا و ئەفریقیا لە سیستەمی جیهانی نوێدا دوای کۆرۆنا، بەجۆرێک دەبێت بە نموونەیەکی باشتر کە چاوی لێ بکرێت.
مەولود چاوشئۆغڵو بە بۆنەی "رۆژی ئەفریقیا"وە گوتارێکی لەژێر ناوی "هاوبەشی لەگەڵ ئەفریقیا لە هەر کاتێک زیاتر پێویست و گرنگە" بۆ میدیاکانی ئەفریقیا نووسیووە کە تیایدا سەرەتا بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە وڵاتانی ئەفریقیا کردووە.
وەزيرى دەرەوەى توركيا مەولود چاوشئۆغڵو لە گوتارەکەیدا ئەوەی نووسیووە: "ئەو رەوشە نائاساییەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە سەرانسەری جیهان هاتووەتە ئاراوە، وا دەکات لەمساڵدا زیاتر گرنگی بە پێکەوە کارکردن بدەین".
ئەوەشی نووسیووە: "ئەو پێشکەوتنەی کە لەمیانی ئەم ساڵانەی دواییدا لە ئەفریقیا لە سەرجەم بوارەکاندا بەدی هاتووە لەگەڵ هاوبەشی گەشەسەندوومان لەگەڵ کێشوەری ئەفریقیا، وامان لێ دەکات سەرباری بەرەنگارییەکانی ئێستا، بە ئومێدەوە بڕوانیینە داهاتوو".
مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەداوە کە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، گەشەپێدان بە هاوکارییەکان لەگەڵ کیشوەری ئەفریقیادا کردووەتە کاری لەپێشنەی، ئەوەیش بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی تورکیا و رێکخراوە ناحکوومی و کەرتی تایبەت و نووسیوویەتی:
"هەوڵەکانمان بەشێوەیەکی بەرچاو چڕکردووتەوە بۆ ئەوەی گەشەی زیاتر بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانيمان لەگەڵ وڵاتانی ئەفریقیا بدەین، هەروەها یارمەتی زیاترلە رووی مرۆیی پێشکەش بەو وڵاتانە بکەین، جگە لەوەش هەوڵدەدین ژمارەی کورسی خوێندن بۆ قوتابیانی وڵاتانی ئەفریقیا لەگەڵ گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ کیشوەری ئەفریقیا زیاد بکەین".
لە بەشێکی گوتارەکەیدا وەزيرى دەرەوەى توركيا ، چاوشئۆغڵو ئەوە هاتووە: "ئامانجمانە لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و رێزگرتن، درێژ بە گەشەپێدان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەفریقیا بدەین".
ھەروەھا مەولود چاوشئۆغڵو دەلێت: "ژمارەی باڵیۆزخانەکمان تا ساڵی ٢٠٠٢ لە ئەفریقیا گەیشتە ١٢ باڵیۆزخانە، بەڵام لە ئێستادا بۆ ٤٢ باڵیۆزخانە زیادی کردووە، لە بەرامبەردا ژمارەی باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی ئەفریقیا لە ئەنقەرە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٣٦ باڵیۆخانە کە لە سەرەتای ٢٠٠٨دا، ١٠ باڵیۆزخانە بوون".
وەزيرى دەرەوەى توركيا مەولود چاوشئۆغڵو روونیشیکردووەتەوە: "لە ساڵانی نێوان ٢٠١٥ و ٢٠١٩دا، ٥٠٠ سەردان لە سەر ئاستی باڵا لە نێوان تورکیا و ئەفریقیا ئەنجامدراون، هەروەها قەباری بازرگانی نێوان هەردوولا لەمیانی ١٨ ساڵی رابردوودا دوو هێندە زیادی کردووە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە وەقفی مەعاریفی تورکیا، ١٤٤ دامەزاروەی فێرکردن و ١٧ بەشە ناوخۆیی قوتابیان لەسەرتاسەری ئەفریقا بەڕێوەدەبات، جگە لەوەش هەزار قوتابی لە ٥٤ وڵاتی ئەفریقیا لە زانکۆکانی تورکیا خوێندنیان تەواوکردووە و دەرچوون.
مەولود چاوشئۆغڵو ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە ژمارەی نووسینگەکانی ئاژانسی تورکیا بۆ هەماهەنگی "تیکا" لە کیشوەری ئەفریقیا، گەیشتووەتە ٢٢ نووسینگە، ئەمەیش گرنگی تورکیا بە ئەفریقیا دەەردخات کە پەیوەندی مێژوویی و مرۆیی پێکەوە دەیانبەستێتەوە و نووسیوویەتی:
"لەگەڵ بوونی وڵاتەکەمان بە هاوبەشێکی ستراتیجی لەگەڵ یەکێتیی ئەفریقیا و بەستنی یەکەم لووتکەی هاوبەشی تورکیا و ئەفریقیا لە ئیستانبوڵ لە ٢٠٠٨دا، تورکیا و وڵاتانی ئەفریقیا بە روونی خواستی خۆیان نیشانداوە بەوەی پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکانیان بدەن، بە جۆرێک بەگەینن بە قۆناغێکی زۆر پێشکەتوو".
ئەوەشی نووسیووە: "وڵاتانی کیشوەری ئەفریقیا لەمیانی پێکەوە کارکردن لە ٢٥ی ئایاری ١٩٦٣، رێکخراوی یەکێتیی ئەفریقیا-یان دامەزراند بە ئامانجی پارێزگاریکردن لە کاروباری خۆیان ، پاڵپشتیکردن لە بزووتنەوەکانی تێکۆشان لە پێناو ئازادیدا و خۆرزگارکردن لە نموونەی ئابووری ئیمپرالیزم کە پشت دەبەستێت لە بردنی کاڵەکانی خاو لەو کیشوەرە.
مەولود چاوشئۆغڵو جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە هەر لەسەرەتاوە تورکیا بڕیاریداوە پاڵپشتی لە پرسەکانی ئەفریقیا بکات و لەوەبارەوە نووسیوویەتی:
"تورکیا هەر لەسەرەتای بەهاوبەشی بوونی لەگەڵ کیشوەری ئەفریقیا، سیاسەتی پاڵپشتیکردنی بێ مەرجی بۆ کیشوەرەکە پەیڕەو کردووە و بەردەوام دەبین لە پاڵپشیکردنی پێویستییەکانی کێشوەری ئەفریقیا لە رێکخراو و قەوارەکان بە تایبەتیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان".
وەزيرى دەرەوەى توركيا مەولود چاوشئۆغڵو راشیگەیاندووە "خواستمان هەیە لە نزیکترین کاتدا، سێ هەمین لووتکەی هاوبەشی تورکیا و ئەفریقیا ببەستین دوای ئەوەی یەکەمین و دووهەمین لووتکە لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٨ لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوون کە ئەنجامی باشیان لێکەوتەوە".
مەولود چاوشئۆغڵو لە درێژەی گوتارەکەیدا ستایشی ئەو رێوشوێنانەیکردووە کە وڵاتانی ئەفریقیا لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتوونەتەبەر و رایگەیاندووە کە ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کیشوەری ئەفریقیا، کەمبووەتەوە و هیوای خواستووە بەوە شێوە بەردەوام بێت و لە نزیکترین کاتدا، ڤایرۆسەکە لەو کیشوەرە لەناوببرێت.
جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە تورکیا هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی وڵاتانی ئەفریقیا لە رووی پزیشکییەوە دابین بکات.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەداوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لێکەوتەی خراپی بۆسەر ئابووری و کۆمەڵایەتی لە سەرجەم وڵاتانی جیهان دەبێت، بە تایبەتیش بۆ ئەو وڵاتانەی کە داهاتەکانیان تەنها پشت بە هاوردەکردنی ماددەکانی خاو دەبەستێت وەک کانزاکان و نەوت.
وەزيرى دەرەوەى توركيا مەولود چاوشئۆغڵو وای لە قەڵەمداوە کە تێپەڕندانی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پێویستی بە چرکردنەوەی هەوڵەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە و دووپاتیکردووەتەوە کە تورکیا ئامادەییە ئەوەی لەوبارەوە دەکەوێتە سەرشانی ئەنجامی بدات و نووسیوویەتی:
"بەداخەوە، ئەو دیمەنەی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا لە چەند هەفتەی رابردوودا بینراوە، رکابەریی یەکتر بووە، نەک هاوکاریکردنی یەکتر".
لە کۆتاییدا مەولود چاوشئۆغڵو دەلێت: "هاوبەشی تورکیا و ئەفریقیا لە سیستەمی جیهانی نوێدا دوای کۆرۆنا، بەجۆرێک دەبێت بە نموونەیەکی باشتر کە چاوی لێ بکرێت".